رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی دوێنێ سێشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی یەک ملیۆن کارتی نوێی بایۆمەتریی دەنگدانی دابەشکردووە، بەرزترین رێژەی دابەشکردنی لە پارێزگای دهۆکە و هێشتا زیاتر لە 2.4 ملیۆن کارتیش ماون دابەشبکرێن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 08-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمیسیۆن لە دەستپێکی پڕۆسەی دابەشکردنی کارتەوە تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی دوێنێ سێشەممە، 960 هەزار و 789 کارتی نوێی بایۆمەتریی دەنگدانی دابەشکردووە."
گوتیشی، "کۆی گشتیی ئەو کارتانەی بڕیارە دابەشبکرێن، سێ ملیۆن و 583 هەزار و 774 کارتە، لە هەزار و 79 بنکەی تۆمارکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێن، تاوەکو ئێستا بەگشتی 27%ی کارتە نوێیەکان دابەشکراون و دوو ملیۆن و 482 هەزار و 906 کارتیش ماونەتەوە، 140 هەزار و 79 کارتی دیکەش چاپ دەکرێن."
بە گوتەی جومانە غەلای، "بەرزترین رێژەی دابەشکردن لە پارێزگای دهۆکە بە رێژەی 44%، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا بە 35%ـە، لە ئەنباریش 34%ە، کەرکووک 32%، سلێمانی 30% و هەولێر 29%. کەمترین رێژەی دابەشکردنی کارتی دەنگدانیش لە پارێزگای نەجەفە کە 17%یە." هەرچی بەغدایە، بەری رەسافە 25% و بەری کەرخ 21%ی کارتەکانیان دابەشکراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەسیان بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدانەوە ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆن ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە، کە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق رکابەری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ