رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دەنگیدا و دواتر رایگەیاند، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێستا وەک ساڵێک لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەک دەنگ و یەک ئاراستەیە و سەرۆکێکی بەهێزی هەیە." جەختیشیکردەوە کە یەکێتی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە بنکەی دەنگدانی رەوشەن بەدرخان لە شاری سلێمانی دەنگیدا.
دوای دەنگدان، قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان، باسی لە گۆڕانکاری و بەهێزیی یەکێتی کرد و گوتی: "یەکێتی وەک ساڵێک لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەک دەنگە و یەک ئاراستەیە و سەرۆکێکی بەهێزی هەیە. یەکێتی خاوەن بەڵێنی خۆیەتی و توانیویەتی زۆر شت چارەسەر بکات."
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا، بە بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا، توانای چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دەبێت و زۆر شتی دیکەشیان پێ چارەسەر دەکرێ.
قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیکردەوە، "زۆر کەس گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی یەکێتی دەتوانێت لە بەغدا کێشەکان چارەسەر بکات." هەروەها گوتی: "خەڵک ئەمڕۆ هۆشیارترن لە رابردوو، تێدەگەن کە کێ ئیشی پێدەکرێت، کێ تێکی داوە و کێ تەماشاکارە؟".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ