لێخۆشبوونی 15%ـی قەرزی ئاو بۆ سێ مانگ راگەیێندرا

11-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، 15% داشکاندن بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەکەن پارەی ئاو قەرزدارن. بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە دەڵێت، بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندی خەڵک دراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوون و داشكاندنی رێژەی 15% لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت".
 
وەزارەتەکە لە نووسراوێکدا بڕیارەکەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان کردووە و داوای کردووە، پاڵپشت بە رەزامەندی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، كاری پێویست بکەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرز لەسەر هاوبەشانی ئاو بۆ ماوەی سێ مانگ كە لە رێككەوتی 10-12-2023ـەوە دەستپێدەكات و له 9-3-2024 کۆتایی دێت.
 
ئەلەند تۆفیق، بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە ئاراستەی ئەوان کراوە و هەر هاووڵاتییەک بیەوێت قەرزەکەی بداتەوە 15% لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت.
 
ئەم پرۆسەیە بەجۆرێکە؛ بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک 100 هەزار دینار پارەی ئاو قەرزدار بێت، ئەوا 85 هەزاری دیناری لێ وەردەگیرێت.
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، لە رابردووشدا چەند جارێک بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دراوە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار هاوبەشی ئاو هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە

بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکی 3 منداڵ بە یەک قاچەوە قوتوو و کارتۆن کۆدەکاتەوە

خۆشناو عەبدولڕەزاق، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی کەمئەندامە لە هەولێر، کە بە یەک قاچەوە ناچارە کارتۆن و قوتووی بەتاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین بکات. ئەو رۆژانە کەمتر لە 5 هەزار دیناری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەی دەدات.