لیژنەی فریاگوزاریی چەمچەماڵ: سبەی ئاوی خواردنەوە دەگاتەوە قەزاکە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاریی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، دوای 36 کاژێر لە بڕانی، سبەی ئاو دەگاتەوە قەزاکە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە دوو رۆژی داهاتوودا پاککردنەوەی گەڕەک و کۆڵانەکانی چەمچەماڵ لە پاشماوەی لافاو، تەواو دەبێ.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە زیانەکانی لافاو رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکوەزیران، دوو لیژنە بە مەبەستی فریاگوزاری و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم لەکاتی روودانی لافاوەکە، هەروەها گەشەپێدانی قەزای چەمچەماڵ لە درێژخایەندا، پێکهێنراون.
 
بەگوتەی عەتا محەممەد، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی چەمچەماڵ، سەرەتا دەست بە پاککردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە دەکرێ، ''بۆیە ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە 110 ئامێر و 250 کرێکار لە چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر و گۆپتەپە دەستیان بە کار کردووە و تاوەکو پاککردنەوەی تەواوی ماڵەکان، گەڕەک و کۆڵانەکان، لە کارکردن بەردەوام دەبن.'' 
 
وەک سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، بەیانی یان دووبەیانی، پاککردنەوەی ماڵ، گەڕەک و کۆڵانەکان تەواو دەبێ و دواتر دەست بە پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان دەکرێ.
 
جیا لە لایەنە حکومییەکان، ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی و خێرخوازی پاڵپشتیی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و گەیاندنی هاوکاری دەربڕیوە. عەتا محەممەد ئاماژەی دا، ''هەر دوو یان سێ رێکخراو نێردراونەتە زۆنێکەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی هێناویانە، دادپەروەرانە بەسەر ماڵەکاندا دابەش بکرێن کە پێکهاتوون لە راخەر، کەلوپەلی نێوماڵ، سۆپا، نەوت، جلوبەرگ، دۆشەک، بەتانی و سەرین.''
 
سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ ژمارەیەک رێکخراو پارەیان بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش کردووە، ''بەڵام لەبەر ئەوەی هەستمان کرد پڕۆسەکە کێشەی تێدایە، داوامان کرد پێداچوونەوە بە پلانەکانیاندا بکەن و بەگوێرەی لیستی زیانلێکەوتووان کە لە گەڕەکەکان تۆمار کراون، کار بکەن.''
 
''سبەی ئاوی خواردنەوە دەگاتەوە چەمچەماڵ''
 
ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی چەمچەماڵ لە پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانییەوە دابین دەکرێ، بەڵام دوای دروستبوونی لافاوەکە، ئاو بۆ هاوبەشانی قەزاکە بەرنەدراوەتەوە. عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ''نزیکەی 36 کاژێر زیاترە ئاو لە سلێمانیش بڕاوە، چونکە لە دووکانەوە بەرنەدراوەتەوە، بەڵام سبەی ئاو دەگاتەوە چەمچەماڵ.''
 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵ، لەگەڵ بەردانەوەی ئاوی پڕۆژەی دووکان-سلێمانی، 10 ملیۆن لیتر ئاویش بە تانکەر بەسەر هاوبەشانی قەزای چەمچەماڵدا دابەش دەکرێ.
 
هەرچی کارەبایە، وەک عەتا محەممەد دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری کارەبا و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، لە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکەوە، کارەبای نیشتمانی لە چەمچەماڵ نەبڕاوە، ''ئێستا ئەو گرفتەی کە هەیە، گرفتی تۆڕی کارەبای نێو قەزاکەیە.''
 
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵدا، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی قەزاکە راسپێردراوە کە خەمڵاندنێکی ورد بۆ کەموکوڕییەکانی رێگەوبانی گوندەکان و کەرەستەی پێویست بۆ چاککردنەوەی ستوونەکانی کارەبا بکات، بۆ ئەوەی گرفتی هاتووچۆی گوندنشینان و کارەباش بە تەواوی چارەسەر بکرێن.
 
''هەژماری بانکیمان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان تەرخان کردووە''
 
لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵ لە بانکی چەرموو دوو هەژماری تایبەت بە وەرگرتنی هاوکاریی نەختینەیی بۆ زیانلێکەوتووانی قەزاکە کردووەتەوە. عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ''هەژماری بانکیی 3018 بۆ پارەی دینار و هەژماری 1 بۆ دۆلار لە بانکی چەرموو بە ناوی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ تەرخان کراوە کە سەرجەم داهاتی هاوکارییەکان لەخۆدەگرن.''
 
سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵ گوتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمپانیای دانەگاز بەڵێنی تەرخانکردنی بڕە پارەیەکیان بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری قەزاکە داوە و ''کۆمپانیاکانی دیکەیش پەیوەندیمان پێوە دەگرن و دەڵێن بەشداریی هەڵمەتەکە دەکەن. ئێمەش دواتر بڕی ئەو پارەیە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین کە کۆدەکرێتەوە.''
 
بەگوتەی عەتا محەممەد، ئەگەر پارەکە کەمتر لە بڕی پێویست بوو بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە، بەڵێنی داوە لەسەر خەرجیی حیزبەکەی، کورتهێنانەکە پڕ بکاتەوە، ''ئەگەر زیاتریش لە بڕی پێویست پارە کۆکرایەوە، ئەوە لە داهاتوودا بۆ نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی قەزاکە خەرج دەکرێت.''
 
لە رۆژی یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە دوو رۆژ دواتر لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی لافاو لە قوتابخانەیەکی چەمچەماڵ و مەسرور بارزانی.

قوتابخانەکانی چەمچەماڵ بە پاڵپشتیی دارایی مەسرور بارزانی نۆژەن دەکرێنەوە و تاقیکردنەوەکان دوادەخرێن

وەزیری پەروەدە دەڵێت، بە پاڵپشتیی دارایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەکانی قەزای چەمچەماڵی سنووری سلێمانی نۆژەندەکرێنەوە و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم) دوادەخرێن.