رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکاری لە پۆستی بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی کوردستان کرا، ئاریان سەلاحەدین بووە بریکاری نوێی وەزارەتەکە. گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی دەڵێت، بریکاری پێشوو لە حیزبەکەیدا پۆستی وەرگرتووە.
رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێوڕەسمێکدا د. سالار عوسمان، بریکاری پێشووی وەزارەت ماڵئاوایی لە ئەرکەکەی کرد و لەجێگەی ئەو ئاریان سەلاحەدین وەکو بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری دەستبەکار بوو.
پۆستەکە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە. نامیق هەورامی دەڵێت: "بریکاری پێشوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کراوەتە بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی حیزب."
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بریكاری پێشووی وەزارەت لە گوتەیەكدا بەخێرهاتنی بریكاری نوێی كرد و هیوای خواست لە ئەركی نوێیدا سەركەوتوو بێت. دواتر بریكاری نوێی وەزارەت سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكێش بە د. سالار عوسمان كرد و هیوای سەركەوتنی لە كار و ئەركی نوێیدا بۆ خواست.
ئاریان سەلاحەدین، لە ساڵی 1981 شاری کۆیە لە دایکبووە و خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە. ماستەری لە کۆمەڵناسیدا هەیە؛ ماوەی 12 ساڵە کارگێڕی لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە شاری هەولێر.
سالار عوسمان، لە کۆنگرەی 14ی پارتیدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دوای کۆنگرەکەش کرایە بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی حیزبەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ