کەسایەتییەکی عەشیرەتی عوزێری بۆ یەکێتی: نێوبانگمان بپارێزن

12-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، کەسایەتییەکی عەشیرەتی عوزێری لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەستخۆشی لە هەر هەوڵێک دەکەن بۆ رێگری لە "کەڵەگایی و رێگری، سەرانە و دەرەبەگایەتی" لەژێر هەر ناو ناونیشانێکدا بێت"، بەڵام داواش لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکەن، ناوبانگی عەشیرەتەکەیان بپارێزێت.
 
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا.
 
دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، کەسایەتی عەشیرەتی عوزێری، دووشەممە 12-02-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوان دژی دروستکردنی هەر قەڵا و دیوەخانێکن بخزێندرێتە پاڵ ناوی هیچ حیزب و دەستڕۆشتوویەکەوە. بەتایبەت عەشیرەتێکی "خاوەن قوربانی" وەکو ئەوان.
 
ئەو کەسایەتیە لە عەشیرەتی عوزێری دەڵێت، "هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێت؛ ئێمە وەک ریشسپی و خاوەن هەڵوێست دەڵێین، هەر کەسێک لە یاسای دەرچوو پێویستە لە رێگەی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
 
دارای حاجی ئیبراهیم چەرمەگا لە راگەیێندراوەکەدا کە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی کردووە دەڵێت، "ئەوەش روونە لە ماوەی رابردوودا [کوێخا دێرین] لەگەڵ کێ کاریکردووە، ئێستا باشترین رێگە ئەوەیە، دوای ئەو کاردانەوانە کێ بەرپرسە لەم دۆخە رادەستی دادگە بکرێت ئێمەش پشتیوان دەبین، بەڵام پاراستنی شکۆ و ناو نێوبانگی عوزێرییەکان لە ئەستۆی ئێوە و ئێمە و هەموومانە، چونکە قەڵاکە باخی گەنجێکی عوزێر بووە نەوەک هی عەشیرەتی عوزێری".
 
کەسایەتییەکەی عەشیرەتی عوزێری ئاماژەی بەوە کردووە، کە عەشیرەتەکەیان لە شاخەوە تاوەکو شار لە خزمەتی شۆڕشدا بوون و داوا دەکەن، بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی "شعوری خزمانمان لەبەرچاو بگرن و نێوبانگی باب و باپیرانمان و خۆمان بپارێزن".
 
ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە، هاونیشتمانییەکە بەناوی ئەحمەد کامیل فەقێ.
 
ئەحمەد کامیل فەقێ بە رووداوی گوت، "دوو کەس هاتن و دەرگای ئۆتۆمبێلەکەمیان کردەوە و گوتیان کارمەندی ئاسایشین، داوای ناسنامەیان لێکردم، دوای ئەوەی سەیری ناسنامەکەیان کرد دەمانچەیان دەرهێنا و تەقەیان لێکردم".
 
ئەحمەد کامیل رۆژی دوای رووداوەکە داوای یاسایی تۆمارکردووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "دوای دوو رۆژ لە برینداربوونم لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە زانیم ئەو دوو کەسە سەر بە کوێخا دێرینن، کە ئاگادارکراینەوە، بە هێزە ئەمنییەکانمان گوت، دوو رۆژ پێش رووداوەکە کوێخا دێرین هاتووەتە سەر پرۆژەکانمان و داوای سەرانەی لێکردووین".
 
سەرمایەدارە بریندارەکەی سلێمانی گوتیشی، "زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارمان بە سەرانە داوەتە کوێخا دێرین.. ئێمە خەڵکێکی کاسبکارین و بەدوای کێشەدا ناگەڕێین و دەمانویست بڕوات و لەکۆڵمان ببێتەوە، ئەو وای خۆ دەناساند کە دەسەڵاتی لەو ناوچەیە هەیە، کە پرۆژەکەی ئێمەی لێیە".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.