تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار نەکراوە

12-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێنجشەممەی داهاتوو دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هاوپەیمانییەک تۆمار نەکراوە.
 
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هاوپەیمانییەک لای ئێمە بۆ هەڵبژاردن تۆمار نەکراوە".
 
بە گوتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆن بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەربژێرێک بە فەرمی تۆمار نەکراوە، ئەوەی هەبووە خواست و داوای بەربژێربوونیان کردووە، بەڵام لە سبەیەوە بڕوانامە؛ ناسنامە و بەڵگەنامە پێویستەکانیان لێوەردەگیرێت و بە فەرمی تۆمار دەکرێن. چی بەربژێری سەربەخۆ بن، یان لە لیستی حیزبەکاندا بن.
 
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ هاوپەیمانییەک تۆمارنەکراوە و بەربژێرانی سەربەخۆش تاوەکو ئەمڕۆ 10 کەس خواستی بەربژێربوونیان پێشکێش کردووە".
 
خالید عەباس دەڵێت، ئەو کەسانەی ویستی بەربژێربوونی سەربەخۆیان هەیە لە سبەیەوە بە فەرمی بەڵگەنامەکانیان لێوەردەگیرێت و تۆمار دەکرێن. گوتیشی: "حیزبەکانیش لە سبەیەوە دەتوانن لیستی ناوەکانیان رادەستی لقەکانی کۆمیسیۆن بکەن".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هاوپەیمانییەک تۆمارنەکراوە و هیچ بڕیارێکیش بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردن نەدراوە".
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن لە سلێمانی گوتی، سبەی پێشکێشکردنی لیستی پاڵێوراوان دەستپێدەکات و دوایین رۆژیش 22ـی ئادار دەبێت.
 
مەرجی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و بەربژێرەکان
 
- هاوپەیمانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات و نابێت پارتێک لە بازنەیەکی دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانیێتی و وەک پارتیش بەشدار بێت.
 
- دەبێت بەربژێر 25 ساڵی تەواو کردبێت؛ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی کردبێت و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت خۆی تێدا بەربژێر دەکات و بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزا نەدرابێت.
 
- هەر هاوپەیمانیێتییەک کە پێشتر تۆمارکراوە و بیەوێت ناوەکەی بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات.
- دوو حیزبی سیاسی یان زیاتر دەتوانن هاوپەیمانیێتی پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن.
 
- نابێت پارتێکی بەشداربوو لە هاوپەیمانیێتییەک لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن بە جیا و لەدەرەوەی هاوپەیمانیێتییەکە بەشداری بکات.
 
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لەکاتێکدان، 3ـی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. 
 
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگیی ئێمە بووە. کاتەکە گونجاوە و بێ کێشە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت."
 
لە خولی پێشوودا؛ پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو، کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
 
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
 
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:
 
سلێمانی: 38 کورسی 
هەولێر: 34 کورسی 
دهۆک: 25 کورسی 
هەڵەبجە: 3 کورسی
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.