راوێژکارێکی سوودانی: هێڵی بۆریی کوردستان گرنگە، بەڵام نابێتە جێگرەوەی تەنگەی هورمز

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان بۆ "هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن" گرنگە، بەڵام ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تەنگەی هورمز.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 12-03-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هێڵە رێڕەوێکی گرنگ و تەواوکەرە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی تەکنیکی بووەتەوە، بۆیە پشتبەستنی تەواو پێی وەک تاکە جێگرەوەی رێڕەوە دەریاییەکەی کەنداو، کارێکی سەختە."
 
"90%ـی نەوتی عێراق بەرەو ئاسیا دەچێت"
 
بە گوتەی مەزهەر محەممەد ساڵح، تەنگەی هورمز رێڕەوێکی ستراتیژیی بێ رکابەرە بۆ عێراق، چونکە نزیکەی 90%ـی هەناردەی رۆژانەی نەوتی وڵاتەکە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دۆخی ئاساییدا عێراق رۆژانە نزیکەی 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەرەکانی کەنداوەوە هەناردە دەکات.
 
رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی کوردستان
 
د. ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە رووداوی راگەیاند کە رێککەوتن کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا. گوتیشی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەیەکی هاوبەشی بەغدا و هەولێر بە مەیدانی سەردانی بۆرییەکان دەکەن بۆ بەدواداچوونی لایەنی تەکنیکی."
 
بەپێی پلانە نوێیەکە، بڕیارە ئەو هێڵە بە ئەوپەڕی توانای خۆی کە 600 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، کارا بکرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکراشی کرد، پلانیان هەیە نەوت بۆ سووریاش هەناردە بکەن و کار بۆ کاراکردنەوەی هێڵی عێراق-سعوودیە دەکەن.
 
هەولێر مەرجی هەیە
 
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەولێر ئامادەیە ئاسانکاری بکات، بەڵام "بەو مەرجەی بەغدا کۆتایی بە گەمارۆی دۆلار لەسەر هەرێمی کوردستان بهێنێت و گەرەنتیی ئەمنی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دابین بکات."
 
هاوکات بەرپرسێکی دیکە لە هەولێرەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: "هیچ دڵۆپە نەوتێک بە بۆرییەکەدا تێپەڕ نابێت تاوەکو بەغدا بە خێرایی دۆلاری پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکات."
 
ئەم هەوڵانەی بەغدا لەکاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی ساڵی 2026 و داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، هەناردەی نەوتی باشووری عێراق پەکیکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنیا 1.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. عێراق دەیەوێت لە رێگەی بۆریی کوردستانەوە بەشێک لەو زیانە گەورە داراییانەی قەرەبوو بکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کرێکاری ژینگەپارێز

لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە و بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە و بەناوی کۆمپانیای پاککەرەوە. بەرپرسێک لە شارەوانی هەولێر دەڵێ، دژی جەژنانە نین بۆ کرێکارانی پاککەرەوە و رێگەش نادەن، کە بەناوی کرێکارەکانەوە پارە وەربگیرێت.