رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى کەرکووک پێشنیازی بۆ وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کردووە، گەنمى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى وەکو گەنمى ناو پلان وەربگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ى ئایارى 2025 عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "نووسراوێکى فەرمییان ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵ کردووە لەبارەى چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەنمەى لە زەوییەکانى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى بەرهەم دەهێندرێت، بۆئەوەى بەر لە دەستپێکردنى وەرگرتنى گەنم لە کەرکووک ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
بەگوێرەى پلانى وەزارەتى کشتوکاڵ، 495 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک لە چواچێوەى پلانى کشتوکاڵیدایە، بۆئەوەى گەنمەکەى لەلایەن وەزارەتى بازرگانییەوە لێ بکڕدرێتەوە.
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک گوتیشی، "لە کەرکووک زیاتر لە 200 هەزار دۆنم زەوى لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵیدایە، لە نووسراوەکەدا پێشنیازمان کردووە بەرهەمى گەنمى زەویى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى هەمان مامەڵەى گەنمى ناو پلانەکەى لەگەڵ بکرێت لەڕووى نرخى وەرگرتنەوە، بەڵام بە فەرمى وەڵامى نووسراوەکەمان نەدراوەتەوە."
بۆ ساڵى 2025 پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران، تەنیا گەنمى ئەو زەوییانە لەلایەن وەزارەتى بازرگانى دەکڕدرێتەوە کە لە چوارچێوەى پلانى کشتوکاڵیدان، کە بەگوێرەى جۆرەکەى 800 بۆ 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.
بڕيارە لە دواى 15ى نیسانەوە دەستبکرێت بە دروێنە و وەرگرتنى گەنم لەلایەن چوار سایلۆى سەر بە وەزارەتى بازگانییەوە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ