کشتوکاڵی هەڵەبجە: پێشبینیی بەرهەمهێنانی 40 هەزار تۆن گەنم دەکەین

12-05-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، تەرزە و بارانبارینی بەخوڕی ئەم دواییە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بەرهەمی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە نەبووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم ساڵ بەرهەمی گەنممان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و پێشبینیی 40 هەزار تۆن دەکەین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12-05-2025 ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە لەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی پارێزگاکە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان بارانبارین لە ئاستی پێویستدا نەبووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە سنووری هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور، بەرهەمی گەنم لە ئاستێکی زۆر باشدایە."
 
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 82 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە. ستار مەحموود پێشبینی دەکات، بڕی بەرهەمهێنانی گەنم لە سنووری پارێزگاکە بگاتە نزیکەی 40 هەزار تۆن.
 
یەکێک لە کێشە بەرچاوەکانی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی سنوورداری بەرهەمەکانیان بە تایبەتی گەنمە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، "ئەوە ستەمێکی زۆر گەورەیە لە جووتیارانمان و هۆکارە بۆ ئەوەی ناچاربن بەشێک لە بەرهەمەکانیان بە نرخێکی هەرزان لە بازاڕ بفرۆشن."
 
بەم دواییە شەپۆلێکی خۆڵبارین، باران و تەرزە رووی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. بەگوتەی ستار مەحموود، "شەپۆلەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی [لەسەر بەرهەمی گەنم] جێنەهێشتووە و ئومێدمان وایە بەرهەمەکە لە ئاستێکی زۆر باشدا بێت."
 
ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور لە کۆتاییەکانی مانگی پێنجدا دەست بە دروێنەی گەنم دەکرێ. بەرهەمی گەنمی پار لە هەرێمی کوردستان زیاتر بوو لە ملیۆنێک تۆن و حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆنی وەرگرت.
 
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە