رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک ئۆتۆمبێلێک لە کاتی بووکگواستنەوەدا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و ئاگری گرت، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە لە ناوچەی حوزەیران لە نزک پردی حوزیرانی شاری کەرکووک لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک، تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە و ئاگری گرتووە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هاوژینی یەکدی بوون پێنجی دیکە بریندار بوون، کە سەرجەمیان ئەندامانی یەک خێرانن.
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی، هەریەک لە: سەعد ماجد حوسێن 38 ساڵ و سکوت بەدو عەلی تەمەن 45 ساڵ گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی بریندار بوون بریتین لە: یەحیا سەعد ماجد، 15 ساڵ. عەبدولرەحمان سەعد ماجد، 11 ساڵ. یاسین ماجد یاسین، 15 ساڵ. نوور سەعد ماجد، 8 ساڵ. ریتاج سەعد ماجد، 11 ساڵ. ئەوانە هەموویان قوتابین.
رووداوەکە کاژێر 5:22 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ روویدا؛ خۆشی بووەتە شین، بە گوتەی عەقید عامر نەریمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک، ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی بووکگواستنەوە بووە، بەهۆی تیژڕەوی کۆنترۆڵی لەدەستداوە، خۆی بە دەبەکانی بەنزین فرۆشێک دا داوە کە لە قەراخ رێگاکەدا بووە، دواتر خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرێک کە لەوێدا وەستاوە، لەپڕ ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ