رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی کرماشان دەکات و لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025، مەنوچێهر حەیدەری، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 14ی ئایار مەسعود پزیشکیان سەردانی پارێزگاکە دەکات و سەردانەکەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
بە گوتەی مەنوچێهر حەیدەری لە سەردانەکەدا 10 ئەندامی کابینەی حکومەت کە پێکهاتوون لە یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری بەڕێوەبردن، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری گوندەکان، وەزیری پەروەردە، وەزیری تەندروستی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزیری رێگەوبان، وەزیری وزە، وەزیری گەشتوگوزار و وەزیری پیشەسازی کانزا و بازرگانی بۆ ماوەی دوو رۆژ لە پارێزگاکە دەبن و سەردانی هەندێک شار و تەنانەت گوندەکانیش دەکەن.
مەنوچێهر حەیدەری گوتی: "لە سەردانەکەیدا سەرۆککۆمار لەگەڵ خەڵک کۆدەبێتەوە، کۆمەڵێک شوێنی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکە دەکاتەوە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی پارێزگاکەش کۆدەبێتەوە و دیداری لەگەڵ چالاکانی سیاسیی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری دەبێت".
دوای حەوت مانگ لە دەستبەکاربوونی، ئەوە شەشەمین سەردانی سەرۆککۆمار دەبێت بۆ پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ