تەیف سامی: بۆ ئەوەی مووچە بنێرین، دەبێ داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست بکرێت

12-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، بۆ ئەوەی مووچە بنێرن، دەبێ داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست بکرێت. داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە بەجێکردن [بەبانکیکردن]ـی مووچەی مووچەخۆران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی حوزەیرانی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ شاندێکی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و غالب محەممەد عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق کۆبووەتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی کەرتی پەروەردە لە پارێزگاکە تاوتوێ کراوە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی عێراق لەبارەی کێشەکانی مووچەوە لەگەڵ ئامادەبووان جەختیان لەوە کردووەتەوە، "پێویستە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان هانبدرێت بۆ پەلەکردن لە بەجێکردن [بەبانکیکردن]ـی مووچە و رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، تاوەکو بتوانرێت مووچەکانیان خەرج بکرێت".

 

 
هەروەها باس لە چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە دۆخی پەروەردە لە سلێمانی کراوە و شاندەکە داواکارییەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد "هەوڵ دەدرێت لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵیدا رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنیان بگیرێنەبەر".
 
تەیف سامی باسی لەوە کردووە، وەزارەتەکەی پەرۆشی پاراستنی "مافی مامۆستایان و فێرکارانە" و جەختی کردووەتەوە کە پەروەردە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی عێراق.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، شاندی مامۆستایان سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری داراییان کردووە بۆ "پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە" و داوای بەردەوامیی هەماهەنگییان کردووە لەپێناو خزمەتکردنی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
 
نوێنەری ئەو مامۆستایانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، تەیف سامی پێی گوتوون کە چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدراڵییە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
12 رۆژ لە مانگی حوزەیران تێپەڕبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەنێردراوە، بەغدا و هەولێریش لەسەر ئەو پرسە بە چەند راگەیێندراوێک وەڵامی یەکدییان داوەتەوە.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.