خۆراکی هەڵەبجە: نزیکەی 50 کەس بەهۆی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە ناتوانن فۆڕمی خۆراک پڕبکەنەوە

12-06-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، نزیکەی 50 کەس بەهۆی نەشتەرگەری و گۆڕینی روخساریان نەیانتوانیوە فۆرمی خۆراک پڕ بکەنەوە. باسی لەوەشکرد: "تاوەکو بتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە، پێوستە کارتی نیشتمانییان نوێبکەنەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە مانگێکە پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی دەستیپێکردووە، لەو ماوەیەدا لە کۆی 115 هەزار کەس نزیکەی 75 هەزاریان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و بەردەوامیشە."
 
بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە گوتی، "هەموو ئەوانەی فۆڕمەکە پڕ دەکەنەوە پێویستە کارتی زانیارییان هەبێت، بەڵام نزیکەی 50 کەس بەهۆی نەشتەرگەری و گۆڕینی روخساریان، کە زیاتر لە رەگەزی مێینەن، نەیانتوانیوە فۆڕمی خۆراک پڕ بکەنەوە، چونکە نەشتەرگەرییان کردووە، بەم شێوەیەش روخساریان وەکو کارتی نیشتمانییەکانیان نییە."
 
بە گوتەی مەریوان هادی، "ئەو کەسانە پێویستە کارتی نیشتمانییان نوێ بکەنەوە، بە پێچەوانەوە بێبەش دەبن لە پسوولەی خۆراک."
 
هاوکات سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە رووداوی گوت: "لە کۆی نزیکەی دوو ملیۆن کەس، زیاتر لە 500 هەزار کەس فۆڕمی ئەلیکترۆنییان پڕ کردووەتەوە، دواین وادە 2025-07-05ـە، ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە هەموو هاووڵاتییان نەیانتوانی فۆڕم پڕکەنەوە، بە نووسراوی فەرمی داوا لە عێراق دەکەین کاتەکەی درێژ بکرێتەوە."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی جوانکارییان کردووە، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: "هەر کەسێک 50٪ـی شێوەی رووخساری جیاواز بێت لەگەڵ وێنەی سەر کارتی نیشتمانییەکەی، ناتوانێت فۆڕم پڕ بکاتەوە، دەبێت کارتی نیشتمانی نوێ بکاتەوە."
 
سیامەند قادر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هەولێر هیچ حاڵەتێکی لەم شێوەیە تۆمار نەکراوە؛ تەنیا هەندێک کەس بەهۆی عەدەسەی چاو کێشەیان بۆ دروست بووە، ئەوانیش چارەسەر کراون بە لابردنی عەدەسەکانیان."
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە کۆی نزیکەی دوو ملیۆن کەس، 357 هەزار و 511 کەس فۆڕمیان پڕکردووتەوە."
 
29ـی ئەم مانگە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی کارا کرا، سەرەتای مانگی حوزەیران بە شێوەی فەرمی کارا کرا. ماوەی مانگێک دیاریکراوە بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لەو فۆڕمەدا، ئەویش لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی مۆبایلەوەیە کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە.
 
بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک سوودی چییە؟
 
کۆبۆنی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، دوای چالاککردنی ئەو ئەپڵیکەیشنە گۆڕانکاری لە کۆبوون و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، چونکە دوای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، هاتووچۆکردن بۆ فەرمانگەکان و لای بریکارەکان نامێنێت، هاووڵاتییان هەر لە مۆبایلەکانیان دەتوانن داوای گواستنەوەی بەشەخۆراک و زیادکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو بکەن."
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لەڕێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.