رووداو دیجیتال
خێزانێکی کورد، دوای بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە مەککە، منداڵێکیان بوو و ناویان نا "محەممەد."
مەلا یوسف چۆمانی، بەرپرسی نووسینگەی حەج و عومرەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "ئەو ئافرەتەی لە مەککە منداڵی بووە خۆی و هاوسەرەکەی پێکەوە هاتبوون بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گوتیشی دوای تەواوبوونی مەراسیمی حەج، ئافرەتەکە منداڵی بووە."
بەگوێرەی مەلا یوسف چۆمانی، ئەو خێزانە خەڵکی شارۆچکەی خەلیفانن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، منداڵەکە لە رێگەی نەشتەرگەریەوە لە دایک بووە و تەندروستیی زۆرباشە.
بەرپرسی نووسینگەی حەج و عومرەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەشدا. "لەمساڵدا سێ منداڵ لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لەدایک بوونە و تەنیا ئەم منداڵە هی عێراقە."
سەبارەت بە هاتنەوەی ئەو ژن و مێردە مەلا یوسف چۆمانی گوتی، "هاتنەوەیان چەند رۆژێک دوادەکەوێت بەراورد بە شاندی حاجییان، بەهۆی لەدایک بوونی ئەو منداڵە پێویست دەکات سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی سعودیە و هەندێ دامەزراوەی دیکە بکەن بۆ ئەوی پاسپۆرتێکی کاتی بۆ دروست بکرێت و پێی بگەڕێتەوە کوردستان و منداڵەکەش نابێتە هاووڵاتیی سعودی."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو ئەمە یەکەم منداڵی ئەو خێزانە نیەو دایک و باوکی منداڵەکەش گەنجن و داوایانکرد وێنە و ناویان بڵاو نەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ