رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق واژۆ کردووە و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق ساخبکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە 12ـی تەممووزی 2023، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هاوار جەلالەدین و زانا کایانی پێشکێشیان کرد و رایگەیاند، "ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ستراتیژی وەزارەتی کشتوکاڵە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری کشتوکاڵ کۆمەڵێک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەی باڵای کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا ئەنجامداوە تاوەکو جووتیاران بتوانن لە هەموو بازاڕەکانی عێراقدا بەرهەمەکانیان ساخبکەنەوە."
هیوا عەلی دەڵێت، "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق واژۆکردووە و لەسەر ئەو بنچینەیە ئێستا جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق ساخبکەنەوە."
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بارانی باش لە هەرێمی کوردستان باری و جووتیاران بەروبوومێکی باشیان هەبووە، بەڵام بەهۆی ناهاوسەنگی نرخی دۆلار تێچووی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیادی کردووە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە "پاڵپشتی نرخی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بکات بۆ ئەوەی جووتیاران زەرەرمەند نەبن."
بە گوتەی هیوا عەلی، "لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەیەکی تایبەتی لەبەردەستبوو بۆئەوەی کاتێک تێچووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەراورد بە نرخی بەرهەمەکە زیاتر دەبوو، پاڵپشتی جووتیاران بکرێت، بەڵام لەم کابینەیەدا وەزارەتەکەمان ئەو بودجەیەی لەبەردەست نییە، بەڵام توانیومانە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پێداویستییەکانی کەرتی کشتوکاڵ بکەین و نرخی کارەبامان دابەزاندووە."
هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئەوەی زیاترە لە پێداویستی نێوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی دەکات، لەوانە تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز و کوولەکە؛ هەروەها مریشک و هێلکە بەهۆی زیاتربوونی لە پێداویستی نێوخۆ هەناردە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ