لە دهۆک دەست بە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان کراوەتەوە

12-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، کارەکانی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دهۆک دەستیان پێکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 820 مامەڵەیان تەواو کردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە.

رۆژی شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، شێروان حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی شوباتەوە دووبارە راییکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووەتەوە، نزیکەی 7000 هەزار خانووی زێدەڕۆ هەن، لە ماوەی رابردوودا 4600 مامەڵە لەلایەن شارەوانییەوە وەرگیرا، 3500 لە شارەوانیی رۆژهەڵات و 1100ـیش لە شارەوانیی رۆژئاوا."
 
بە گوتەی شێروان حوسێن، هیچ مامەڵەیەکی نوێ وەرناگیرێت، بەڵکو تەنیا مامەڵە کۆنەکان تەواو دەکرێن، لە کۆی ئەو 4600 مامەڵەیە؛ پێشتر نزیکەی 800 خانوو تەواوکرابوو، ئێستا گەیشتووەتە 820 خانوو.
 
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی دهۆک داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، سەردانی شارەوانی بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان، چونکە درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بۆ ئەوەیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لەم بڕیارە سوودمەند بن.
 
وەک شێروان حوسێن باسی کرد: "کۆمەڵێک خانوو هەن کە شوێنەکانیان کەوتوونەتە نێو نەخشەی شارەوانی و دەکەونە ناو شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، باخچەی ساوایان و پارکەکان، ئەوانە تاپۆ ناکرێن."
 
9-9-2024، راییکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دهۆک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وەستابوو، بەڵام 12-2-2025 دووبارە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەستیپێکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە