رۆژنامەیەکی تورکیا: رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپە گەریلاکەی پەکەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە رێکخرابوو

12-07-2025
سۆران حوسێن
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی میلـلیەتی تورکیا دەڵێت، رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلای پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رێکخرابوو.
 
11ی تەممووزی 2025 لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە چەکیان دانا و سووتاندیان.
 
رۆژنامەی میلـلیەتی تورکیا لە ژمارەی ئەمڕۆیدا رایگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "خۆی چاودێریی ئامادەکاری و وردەکارییەکانی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەی کرد."
 
دابینکردنی ئۆتۆمبێل، پێشوازیکردن و شوێنی مانەوەی میوانان لەژێر چاودێریی سەرۆکی هەرێمی کورستاندا بووە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیەی تورکیا.
 
دوێنێ دوای رێوڕەسمەکە، محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی باشووری کوردستان بە رووداوی گوت، "رۆڵی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ و بنچینەیی بوو لە پڕۆسەی ئاشتیی پێشووتر و ئێستاشدا"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە پڕۆسەی ئاشتیی پێشوودا "گرێکوێرەیەک هەبوو کە خەریک بوو پڕۆسەکە تێکبدات. کاک نێچیرڤان رۆڵی لە چارەسەری ئەو کێشە و گرێکوێرەیەدا هەبوو."

هەر لەبارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئەو سیاسەتڤانە گوتی، "هەر کاتێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک و دەسەڵاتدارانی تورکیای بینیبێ، ئینجا ئەردۆغان بووبێ یان هاکان فیدان یان ئیبراهیم کاڵن، ئەوا لەبارەی کێشەی کورد و چارەسەری کێشەی کوردەوە قسەی کردووە."
 
ئەو گرووپەی پەکەکە دوێنێ چەکیان دانا، 30 گەریلا بوون؛ 15 ژن و 15 پیاو، لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە