رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بەرپرسی هەڵبژاردنی حیزبەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا عەلی باپیر بەربژێری سەرۆکی حیزبەکەیە.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو رۆژی داهاتوودا رۆژی کۆنگرەمان دیاری دەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە هەفتەی داهاتوودا کۆنگرەکە دەکەین."
لەبارەی بەربژێرەکانەوە بۆ سەرۆکی حیزبەکە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵ گوتی، "تاوەکو ئێستا جگە لە مامۆستا عەلی باپیر بەربژێر نییە، بەڵام لە هۆڵی کۆنگرەشدا دەرگەی بەربژێربوون کراوە دەبێت."
بە گوتەی بێستوون حەمەساڵح، لە کۆنگرەکەدا تاوتوێی هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزبەکەیان دەکرێت، لەوانە "گۆڕانکاری لە پەیڕەوی نێوخۆ و ژمارەی ئۆرگانەکان."
کۆمەڵی دادگەری بڕیارە لە کۆنگرەکەیدا ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆک هەڵبژێرێت.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و دواتر ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو؛ لەو کۆنگرەدا ناوی حیزبەکە پاشگری ئیسلامی لێکرایەوە. هاوکات عەلی باپیر لەو کۆنگرەدا هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی ئەو حیزبەش کرایە سەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ