رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە هێرشیکراوەتە سەر و لە پاسەوانەکەی دراوە، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێریش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "ئەوەی دەیکەیت ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و خۆ ده‌رخستن و یاریكردنه به‌هه‌ستی خه‌ڵك".
مەلا عوسمان کانی کوردەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە گردبوونەوەیەک بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان لەکاتی نوێژی هەینیدا بکەن، بەڵام ئاسایش رێگری لێکردوون و دواتریش هێرشیان کراوەتە سەر.
مەلا عوسمان کانی کوردەیی دەڵێ: "دوای ئەوەی بڵاوەمان پێکرا، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی ئایینی بڕیارماندا چەند خولەکێک بۆ راگەیاندنەکان قسە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە ئاسایش هاتنەوە و ئەمجارەیان هێرشیانکردە سەرمان و لە پاسەوانەکەمیاندا و بۆکسێکیشیان لە خۆمدا".
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر ئەو کارەی مەلا عوسمان کانی کوردەیی بە "نمایش و یاریکردن بە هەستی خەڵک" وەسف دەکات و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئه‌و نمایشه‌ی ئه‌مڕۆی عوسمان كانی كورده‌یی كه كادیرێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانه، ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و خۆ ده‌رخستنه و یاریكردنه به‌هه‌ستی خه‌ڵك، ئه‌گه‌ر راستده‌كات بۆ خۆ هه‌ڵكێشان و خۆ ده‌رخستنی نییه هه‌ركات داوا بكات راسته‌وخۆ ده‌توانێ وه‌زیره‌كان و به‌رپرسه‌كان ببینێ، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستانه دەتوانێت راستەوخۆ له‌وێ راو سه‌رنج و پێشنیازه‌كان بخاته روو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ:" مەلا عوسمان چه‌ند كادرێكی كۆمەڵی كۆكردووەته‌وه به‌ناوی ئه‌وه‌ی كه وتاری هه‌ینی رێگەپێدراو بێت، باشه ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده نابه‌رپرس بێت ره‌چاوی بارودۆخی هاووڵاتییان نه‌كات كه رۆژانه ته‌نها له‌شاری هه‌ولێر و شاره‌كانی كوردستان چه‌ندین كه‌س ده‌بنه قوربانی ئه‌و په‌تایه كوشنده‌یه، ئایا مه‌لا عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مان ته‌حه‌مولی به‌رپرسیاریه‌تی رووحی خه‌لك ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر ئاماده‌یه ئه‌وه بكات با ئیمزا بكات و من وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی هه‌ولێر به ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ولێر ده‌ڵێم رێگه به وتاری هه‌ینی بدرێت".
لە بەیاننامەکەدا زیاتر هاتووە: "مه‌لا عوسمان بۆی نییه له جیاتی مامۆستایانی ئایینی و نوێژ خوێنان قسه‌بكات، بۆی هه‌یه ته‌نیا به‌ناوی خۆی و حیزبایه‌تی ته‌سكی خۆی قسه‌بكات، كه ئایین و سیاسه‌تی تێكه‌ڵكردووه، چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌وانه بێن له بارودۆخێكی وا سه‌خت له هه‌موو رووێكه‌وه كه دووچاری خه‌ڵكی كوردسان بووەته‌وه مشورێك بخۆن و خه‌مخۆرانه ده‌ركه‌ون بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م بارودۆخه نه‌خوازراوه، كه‌چی پێچه‌وانه دێن زیاتر هاووڵاتییان له رووی ده‌روونییه‌وه ئازار ده‌ده‌ن و مه‌به‌ستیانه زیاتر سه‌ر له هاووڵاتییان بشوێنن و ئیستغلالی بكه‌ن بۆ مه‌رامی خۆیان."
لە هەرێمی كوردستاندا پێنج هەزار و 567 مزگەوت هەن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 174یان نوێژی هەینیان تێدا دەكرێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێژی هەینی لە مزگەوتەکانی کوردستان تا کاتێکی نادیار قەدەخەکراوە.
هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی، دوو مزگەوتی بۆ ماوەی 10 رۆژ داخستن، چونکە پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دەقی روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر:
سەبارەت بە لێدوانى ئەمڕۆی مامۆستا عوسمان کانی کوردەیی کە ڕایگەیاندووە، گوایە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لێیدراوە و خەڵک دەستگیرکراوە، لێرەوە بەپێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە، ئەو قسانەی ناوبراو هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و بەهیچ شێوەیەک هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە و نەئەو مامۆستا بەڕێزە و نەکەسانیتریش دەستیان بۆ نەبراوە، ئەوەی ڕوویداوە ئەم مامۆستا بەڕیزانە بەبێ مۆڵەت گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێشێل کردوون و لەلایەن هێزەکانی پۆلیس بەشێوازێکی زۆر یاسايی و مەدەنیانە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەوڵیانداوە بۆ خۆپارێزی لە فایرۆسی کۆرۆنا بڵاوەیان پێ‌بکرێ، دووبارەی دەکەینەوە هەموو بەڵگە و وێنە و ڤیدۆکان لە بەردەستن کە هیچ کەس دەستگیرنەکراوە و کەسیش دەستی بۆ نەبراوە، هەموو ئەوەشی لەوبارەیەوە دەگوترێ دوورن لەڕاستی و بەهەموو شێوەیەک قسەکانی ئەو مامۆستا بەڕێزە ڕەتدەکەینەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
2020.8.12
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ