رووداو دیجیتاڵ
لە حەوت مانگی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 229 هەزار و 910 کەس لە فڕۆکەخانەی ئامەدی باکووری کوردستانەوە گەشتی ناوخۆ و دەرەوەیان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری تایبەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی ئامەدی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مانگی رابردوو 175 ھەزار كهس لە فڕۆکەخانەی ئامەدەوە گەشتیان كردووه.
بەگوێرەی ئامارەکە، مانگی رابردوو 175 هەزار و 376 کەس لە فڕۆکەخانەکەوە گەشتیان کردووە؛ 157 هەزار و 599 کەسیان گەشتیان بۆ شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا و 17 هەزار و 777 کەسەکەی دیکەیان گەشتیان بۆ دەرەوە کردووە. ئەو گەشتانە لە رێگەی 1023 فڕۆکەوە کراون.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ئەمساڵەوە هەیە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت، لە 7 مانگی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 229 هەزار و 910 کەس بە 7746 فڕۆکە، گەشتی ناوخۆ و دەرەوەیان لە فڕۆکەخانەی ئامەدەوە کردووە.
فڕۆکەخانەی ئامەد ساڵی 1952 دامەزرا و تاوەکو ساڵی 2016 فڕۆکەخانەی سڤیل و سەربازی بوو. ئەو فڕۆکەخانەیە لە ساڵی 1952ـەوە هەشت جار نۆژەنکراوەتەوە و شەش جار فراوانکراوە و 11 کم لە سەنتەری شارەوە دوورە.
لە باکووری کوردستان و تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن کە 17یان لە باکووری کوردستاندان و فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان نێودەوڵەتیین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ