دوو عەرەبی هاوردە، سێ کوردی کەرکووک پەلکێشی دادگە دەکەنەوە

12-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سێ جووتیاری کوردی کەرکووک لە دادگە بڕیاری بێتاوانییان دەرچوو، دوو عەرەبی هاوردە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکەن و سێ جووتیارە کوردەکە پەلکێشێ دادگە دەکەنەوە.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارێکی پێشووترى ئەو دۆسیەیە، لە 10ی ئاب لە دادگەی دووبز بەڕێوەچوو.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر دوو عەرەبە هاوردەکە سکاڵایان لەسەر ئەو سێ جووتیارە کوردە تۆمار کردبوو بەوەی زەوییەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام دادگە بڕیاری بێتاوانبوونی دەرکردن. ئێستا ئەو دوو عەرەبە جارێکی دیکە داوای پێداچوونەوەیان بە بڕیاری دادگەدا کردووەتەوە."
 
ئەو سێ جووتیارەی سکاڵاکەیان لەسەر تۆمار کراوەتەوە، دووانیان لە سنووری ناوچەی شەناغە و ئەوەی دیکەیان لە سنووری سەربەشاخ-ن لە کەرکووک.
 
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان رایگەیاند، لەسەر داوای ئەوان، دادگە بڕیاری داوە دانیشتنەکە دوابخرێت بۆ 25ی ئاب.
 
ئەو زەوییانەی شەناغە و سەربەشاخ کە کێشەیان لەسەرە، ئەوانەن کە بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق داگیرکراون. پەرلەمانی عێراق یاسایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەیان دەرکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێنوێنیی بۆ دەرنەکراوە، هێشتا نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەکر محەممەد مستەفا، یەکێکە لەو سێ هاووڵاتییە کوردەی کە ئەو دوو عەرەبە هاوردەیە سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە، بە رووداوی گوت، "هیچ زەوییەکم بەکارنەهێناوە و نازانم بۆچی سکاڵا لە دژم تۆمار کراوە. ئەو زەوییەی دوو عەرەبەکە باسی دەکەن، بە ناوی دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردەوەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە