رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی سکۆڵەرشیپی (باڵدار) کە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە راگەیێندراوە، 114 کورسی خوێندنی ماستەر لە دەرەوەی وڵات بۆ گەنجانی دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات.
ئەم پرۆژەیە دەستکەوتی بەرنامەی پاشیڤی رووداوە کە لە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵدا پێشکێشکرا و میوانداری سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد.
بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری بەرنامەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، میوانی بووڵتەنی کاژێر 20:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و لەبارەی پرۆژەکەوە قسەی کرد.
بێستوون عوسمان گوتی، لە ئێستاوە تاوەکو کۆتایی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی www.baldar.krdـەوە داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر لە دەرەوەی وڵات پێشکێش بکەن.
بێستوون عوسمان رایگەیاند، سۆشیاڵ میدیای تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند رۆژی داهاتوودا ڤیدیۆیەکی فێرکاری سەبارەت بە چۆنییەتی پێشکێشکردنی داواکارییەکە بڵاودەکاتەوە.
سەبارەت بە مەرجەکانی پێشکێشکردنی داواکاری، بێستوون عوسمان گوتی، دەبێت داواکاران تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت، پێویستە لە تاقیکردنەوەی توانستی زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی دەربچن، هەروەها هەموو ئەو مەرجانەیان تێدابێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی ماستەر لە دەرەوەی وڵات هەیەتی.
بێستوون عوسمان سەبارەت بە تاقیکردنەوەی توانستی زمانی کوردی گوتی، تاقیکردنەوەکە لەلایەن کەسانی شارەزا لە زمانی کوردی بەڕێوەدەچێت.
30 سەرمایەدار و کەسایەتی هەرێمی کوردستان پارەی کورسییەکانی ماستەریان لە ئەستۆ گرتووە.
تەرخانکردنی کورسییەکان لەلایەن ئەم کەسایەتی و سەرمایەدارانەوەیە:
- ئیدریس نێچیرڤان بارزانی؛ 40 کورسی
- سەردار بیبانی، خاوەنی سەردار گرووپ و تۆیۆتای عێراق؛ 10 کورسی
- مەلا یاسین، خاوەنی کۆمپانیای بەڕێز؛ 6 کورسی
- دکتۆر نەوزاد باجگر، سەرۆکی دەستەی بۆردی زانکۆکانی جیهان؛ 5 کورسی
- کەمال ئاغا گەردی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی هەرشەم؛ 4کورسی
کورسییەکانی دیکەش لەلایەن میوانانی دیکەی بەشداربووی پاشیڤی رووداو کە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ پێشکێش دەکرا، دابینکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ