پەرلەمانتارێکی عێراق: لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بە نیازێکی رەگەزپەرستانەوە مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی کورد دەکرێت

12-09-2025
پەیمان محەممەد
یادگار مەحموود، پەرلەمانتاری عێراق
یادگار مەحموود، پەرلەمانتاری عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ناوچە کێشەلەسەرەکان مامەڵەی هەندێک لایەن لەگەڵ جووتیارانی کورد ''رەگەزپەرستانە''یە. دەشڵێت، ''پێویستە سەرکردایەتیی کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانمان لەو ناوچانە، بێتە سەر هێڵ.''
 
ئەمڕۆ هەینی 12-09-2025 یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد، لەبارەی جێبەجێ نەکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان رایگەیاند، ''8ی ئایاری ئەم ساڵ دوو لیژنە پێکهێندران بۆئەوەی رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە دیاری بکرێن.''
 
وەک یادگار مەحموود گوتی، ئەو دوو لیژنەیەی پێکهێندراون، "یەکێکیان تایبەتە بە تۆمارکردنی سکاڵای ئەو کەسانەی کە خاوەن مافن، لیژنەی دووەمیش پەیوەستە بە هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی قەرەبووی ئەو کەسانەی لە جێبەجێکردنی یاساکە زەرەرمەند دەبن."
 
یاساکە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا، کە تایبەتە بە گەڕانەوەی ئەو موڵک و ماڵەی بەگوێرەی 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو.
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی، ''بەهۆی ئەوەی کە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پەیوەستە بە چەند وەزارەتێکەوە، وەک وەزارەتەکانی دارایی، کشتوکاڵ، داد و هەروەها ئەو پارێزگایانەش کە زەوییەکان دەکەونە سنووریانەوە، پێویستە رێنماییەکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بنووسن.''
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، دوای نووسینی رێنوێنییەکان لەلایەن وەزارەتەکانەوە، دووبارە ئاراستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێنەوە و لەوێشەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەنێردرێن.
 
بە جێبەجێکردنی یاساکە، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی داگیرکراو لە کەرکووک کە دەکەونە سنووری مادەی 140، دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە جووتیارانی کورد و تورکمانن.
 
یادگار مەحموود جەختی لەوە کردەوە، ''پرسەکە پرسی خاکە. هێشتا عەقڵییەتێکی دیموکراسی نییە، هەندێک لایەنی عێراقی بە نیازێکی رەگەزپەرستانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە دەکەن.''
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وەکو رێگەچارە بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان گوتی، ''دەبێ هەردوو لیژنەکانی پێکهاتوو، بەپەلە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن، هەروەها ئەو رێنماییانەی کە پێویستە بنووسرێنەوە، زووتر بنێردرێن بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی پەسند بکرێن و بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
سەرەڕای پەسندکردنی یاساکە، هێشتا عەرەبی هاوردە بە بیانووی جۆراوجۆر و بە هاوکاریی سوپای عێراق دەست بەسەر زەویی بەشێک لە جووتیارانی کورددا دەگرن. یادگار مەحموود ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بۆ راگرتنی ''دەستدرێژییەکان''، لیژنەی مادەی 140ـیش بێتە سەرهێڵ، ''چونکە تەنانەت دادگەش بۆی نییە هیچ بڕیارێک لەسەر ئەو زەویوزارە دەربکات، تاوەکو ئەو کاتەی مادەی 140 جێبەجێ دەکرێت.''
 
تاێستا چەندین جووتیاری کورد لە کەرکووک لەلایەن سوپای عێراقە بە تۆمەتی کارکردن لەسەر ئەو زەوییانەی عەرەبەکان خۆیان بە خاوەنیان دەزانن، دەستگیرکراون یان هەڕەشەیان لێکراوە. ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت، ''ئەمە پێشێلکاریی دەستوورە و نابێت هیچ کاتێک هێزە سەربازییەکانی عێراق لە دژی خەڵکی سڤیل بەکاربهێنرێت.''
 
یادگار مەحموود لەبارەی کێشەی چەند جووتیارێکی کورد لە سنووری خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین کە بە بڕیاری دادگە گرێبەستی زەوییەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و دەدرێتە عەرەب گوتی، ''پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بێتە سەرهێڵ، بۆ ئەوەی پڕۆسەی بەعەرەبکردن لەسەر خاک و زەویوزاری براکانمان رابگیرێت.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە