رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی سنە مامۆستایەکی زمانی کوردی بە بەندکردن و لێدانی قامچی سزا دا.
دادگەی تاوانی سنە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ساڵێک بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان و هەروەها لێدانی 40 قامچی بەسەر ئیدریس مینبەری، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی نۆژیندا سەپاند.
ئیدریس مینبەری لە دۆسێیەکی دیکەدا بە پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی تۆمەتبار کراوە و لە دادگەی شۆڕشی سنە بەو تۆمەتە دادگایی کراوە. تائێستا بڕیاری دادگە لەبارەی ئەو دۆسیەیەی رانەگەیێندراوە.
ئیدریس مینبەری رۆژی یەکشەممە 18-12-2022 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە کەفالەت ئازاد کرا. مینبەری لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی نۆژین و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری و مامۆستای زمانی کوردییە لە رێکخراوەکەدا.
رێکخراوی نۆژین لە کاردانەوە بە سزادانی ئیدریس مینبەری لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "نۆژین بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد هەنگاوی هەڵگرتووە و بە شانازییەوە بۆ چەسپاندنی مافی زمانی لە هیچ تێکۆشانێک سڵی نەکردووەتەوە و ئەم رێگایە تاوەکو چەسپاندنی هەموو مافە نەتەوەییەکان درێژەی دەبێت".
رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتیی نۆژین ساڵی 2010 دامەزراوە و لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوە دەبات و دەڵێت، هەوڵی پەرەپێدانی کولتووری کوردی دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ