رووداو دیجیتاڵ
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی رۆژی پێنجشەممە 9-10-2025ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە کاتێکی گرنگ و هەستیاردا بوو.
دڵشاد شەهاب ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانییدا باسی لە مژاری کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
دڵشاد شەهاب گوتی: "پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لەو پرسانەی کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. پرۆسەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوا پرسێکی گرنگە کە دەوڵەتی تورکیا کاریگەری بەسەر پرسەکانەوە هەیە. بابەتی پەیوەندیی دووقۆڵی ئێمەش بابەتێکی بەردەوامە؛ سنوورێکی بەرفراوانمان هەیە، پەیوەندیی ئابووریمان هەیە، پەیوەندیی دیپلۆماسیمان هەیە، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە. هەموو ئەم پرسانە بابەتی گەرمی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ئەردۆغان بوون".
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە "پێشنیاز"ی بۆ بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوە بووە کە "لە دیمەشق بن و چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کەس فەرموویان لێبکات"؛ گوتیشی، "سووریا وڵاتێکە لەزۆر رووەوە لێکچوونی لەگەڵ عێراق هەیە؛ وڵاتێکی فرە ئایینە، فرە نەتەوەیە، فرە ئایینزایە، فرە پێکهاتەیە و بۆیە دەبێت ئەوان دەستپێشخەربن لەوەی کە دەرفەتی یەکسانبوون یان بوونی هەمووان لەوێ فەراهەم بکرێ. ئەمە سیاسەتی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسەی بەم ئاراستەیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا باسکردووە. ئەوانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت، سووریای ئێستا و ئایندە جێگەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا ببێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی براکانی ئێمەیە لە رۆژئاوا".
دڵشاد شەهاب لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە لایەن تورکیایشەوە قسەی کرد و رایگەیاند، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە "هەوڵێکی بەردەوام و خەمێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. بڕیارەکە دراوە، ئەوی دیکە هەمووی بابەتی تەکنیکین".
دەقی پرسیارەکان و وەڵامەکانی دڵشاد شەهاب:
پرسیار: کەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێتەوە؟ باسی چ بابەتێکی دیکەتان کرد [لە تورکیا].
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: ئەم سەردانە لە کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیاردا بوو. تورکیا دەوڵەتێکی دراوسێی کاریگەرە و پەیوەندییەکی باشمان هەیە، بەڵام هەندێک پرسی تازە و بەردەوام هەن؛ پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لەو پرسانەی کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. پرۆسەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوا پرسێکی گرنگە کە دەوڵەتی تورکیا کاریگەری بەسەر پرسەکانەوە هەیە. بابەتی پەیوەندیی دووقۆڵی ئێمەش بابەتێکی بەردەوامە؛ سنوورێکی بەرفراوانمان هەیە، پەیوەندیی ئابووریمان هەیە، پەیوەندیی دیپلۆماسیمان هەیە، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە. هەموو ئەم پرسانە بابەتی گەرمی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ئەردۆغان بوون.
پرسیار: ئەی فڕۆکەخانە؟
دڵشاد شەهاب: جارێ با سەیر بکەین، ئێمە لە چ قۆناخێکەوە هاتینە چ قۆناخێک، لە کاتێکدا کە فڕۆکەخانە وەک رێکارێکی سیاسی داخرا، دەربارەی دۆخێک کە لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو ئەوە کراوە، لە ئەنجامدا بێگومان خەڵک زیانێکی زۆری بەرکەوت. تەنانەت کاتی خۆیشی بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا تەشریفیان هێنا بۆ هەولێر، ئەو کاتیش کە کۆبوونەوە کرا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی ئەو داواکارییەی کردەوە، چونکە بەڕاستی ئەمە داواکاریی خەڵکە. هەموو جارێک کە جەنابیشی باس دەکات دەڵێت، دەیان قوتابی بۆ خوێندن، نەخۆشێک بۆ سەردانی لای پزیشک، کاسبکارێک بۆ کاری خۆی؛ فڕۆکەخانە دەرگای هەرێمی کوردستانە بەڕووی ئەورووپادا، بۆیە (کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی) بەڕاستی هەوڵێکی بەردەوام و خەمێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. بڕیارەکە دراوە، ئەوی دیکە هەمووی بابەتی تەکنیکین، ئینجا ئەمڕۆ بڕیار دەدرێ، کەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی دەست بە کاروبارەکانی دەکات، ئەمە بابەتێکی دیکەیە.
پرسیار: لە سەردانەکەدا پرسی رۆژئاوای کوردستان و بابەتی سووریا و دیمەشقیش گفتوگۆ کرا؟ لەوێ سەبارەت بە مافەکانی کورد چ باس کرا و بۆ دۆخی ئێستای سووریا چ پێشنیاز کراوە؟
دڵشاد شەهاب: هەمیشە رای ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئێمە هاوکار یان فاکتەری سەقامگیری دەبین لە ناوچەکەدا. ئەگەر وەک سیاسەت سەیری بکەین، ئەوە پرسێکی نێوخۆیی دەوڵەتی سووریایە، بەڵام هەموو ئەو رووداوانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن کاریگەرییان بەسەر یەکدییەوە هەیە، بەسەر سەقامگیریی سووریا، سەقامگیریی تورکیاشەوە هەیە، چونکە سنوورێکی هاوبەش هەیە. برایانی ئێمە لەوێ لە یەکەمین دیدارەکان، پێشنیازی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە خۆیان بە خاوەنی ئاواکردنی سووریای تازە بزانن، لە دیمەشق بن، چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کەس فەرموویان لێبکات. نموونەی سەرۆک بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلالی بۆ دەهێنانەوە لەوەی لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا خۆیان بە خاوەن کرد، بەردەست بوون، بوونیان هەبوو. ئەوەش وایکرد بەشێکی باشی داخوازییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووردا بچەسپێت. گرفت هەیە، کێشە هەیە، کێشەکان دەمێنن ئەمە لەلایەک. دیدی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێز شەرع و بۆ دەوڵەتی سووریا، هەر لە یەکەمین دیدار کە لە کۆنگرەی میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێوەچوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێڕوانینی خۆی پێڕاگەیاند. سووریا وڵاتێکە لەزۆر رووەوە لێکچوونی لەگەڵ عێراق هەیە؛ وڵاتێکی فرە ئایینە، فرە نەتەوەیە، فرە ئایینزایە، فرە پێکهاتەیە و بۆیە دەبێت ئەوان دەستپێشخەربن لەوەی کە دەرفەتی یەکسانبوون یان بوونی هەمووان لەوێ فەراهەم بکرێت. ئەمە سیاسەتی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسەی بەم ئاراستەیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا باسکردووە. ئەوانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت، سووریای ئێستا و ئایندە جێگەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا ببێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی براکانی ئێمەیە لە رۆژئاوا.
پرسیار: قسەی ئێوە لەسەر گوتارەکەی سەرۆک بارزانی و دەستپێکی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان؟
دڵشاد شەهاب: بۆ ئێمە کۆمەڵێک ئاراستەی تێدابوون، بەتایبەتی لەوەی کە پارتی ئامانجێکی گەورەتری لە ململانێیەکی بچووک هەیە. دەبێت ئێمە پارتی بە چاوی ئەو ئامانجە گەورەیە و ئەو چاوەڕوانییە گەورەیە سەیر بکەین. پارتی یاریزانێکی سەرەکییە لە عێراقدا. پرۆسەی سیاسی بەبێ پارتی پرۆسەیەکی ناتەواوە، بە هەبوونێکی بەهێزی پارتی، پرۆسەیەکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە. تێبینی هەن، لەسەر سیستمی هەڵبژاردن، لەسەر ئەوەی کە بازنەکانی هەڵبژاردن سنووردارکراون، دەنگدەرێکی زۆری ئێمە لە شوێنەکانی دیکە هەن بەڵام چونکە بەسەر بازنەکانی دیکەدا پەرش و بڵاون، ناتوانن وەک پێویست هاریکاری یەکدی بکەن. ئەمانە کۆمەڵێک پرسن کە ئەمڕۆ رەنگە هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەبێت، بۆیە ئێمە بە رێنماییەکانی جەنابی سەرۆکەوە پابەند دەبین، بە بڕوا بەخۆبوون، بە دروستکردنی کەشێکی ئارام و لە ئاستێکی بەرزدا، لە دروستکردنی هیچ ناکۆکییەک و نائارامییەک دەستپێشخەر نابین، چونکە پارتی ئەو حیزبە نییە لە ناکۆکیدا گەشە بکات. پارتی لە ئارامیدا، کە خەڵک بە هێمنی بیر بکاتەوە، بە ئارامی بژیت، ژیان و بیرکرانەوەیەکی ئاسوودەی هەبێت، ئەوکات بڕیارێکی دروستیش دەدات، کە بڕیارەکەیان رابردوو سەلماندوویەتی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە. سوپاس.
پرسیار: پێکهێنانی حکومەت بۆ دواکەوت؟ هیچ کێشەیەک هەیە؟
دڵشاد شەهاب: پێش چەند رۆژێک باسمان کرد، بەداخەوە ئێمە هێندەی لە تواناماندا بووە چووینەتە پێش. هەر ئەوەندە دەڵێم، قسەکان دووبارە ناکەمەوە. بەداخەوە، دیسانیش دەڵێمەوە، ئێمە لەسەر دیدگەیەکی هاوبەش بۆ حوکمڕانیی کوردستان کە هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە ژیانی سیاسی، یاسایی، ئابووری، کارگێڕی، پەیوەندییەکان، ئەمنی، هاوبەشییەکی راستەقینە، هاوبەشبوون لە بڕیاردان، هەموو ئەمانە لەو رێککەوتنە سیاسییەدا یان ئەو دیدگە هاوبەشەدا هەن. باوەڕی ئێمە وابوو کە ئەوە گرنگە، بناخەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناخی ئایندە، ئەم هەموو بەرچاوڕوونییە تێیدا خراوەتەڕوو، بەڵام ئیدی برادەران نەهاتنە پێش لەگەڵمان. لای پارتی هیچ کات نە دەرگەی گفتوگۆ دادەخرێ، نە دەرگەی گەیشتن بە ئەنجام دادەخرێت، دواجار ئێمە بەرپرسیارێتیمان لەم وڵاتە هەیە، هەموو رێگەیەکی دروستی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین، بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و شەرعییەت تازەکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ