مەسرور بارزانی: حکومەت بەردەوام دەبێت لە پەیامی بەیەكەوەژیان و رێزگرتن لە هەموو ئایینەكان

12-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
  مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی لە قەزای عەنکاوە کەنیسەی ئوم ئەلنووری کردەوە و رایگەیاند، "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و رێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
 
کەنیسەکە ناوی ئەلنوورە واتە "دایکی رووناکی" و یەکێکە لە نازناوەکانی حەزرەتی مەریەم.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی کەنیسەکە گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "حەزرەتی مەریەم نەک تەنیا لە ئایینیی کریستیان، بەڵکو لە ئیسلامیش، پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و لە قورئانی پیرۆزدا، لە دەیان ئایەتدا، بە رێزێکی زۆرەوە ناوی هاتووە. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، خانمی زۆرمان هەن کە بەو ناوە ناو نراون."
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی: 
 
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
 
قەداسەتی پاتریارک مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم
قەداسەتی پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ
 
بەڕێزان ، ئامادەبووانی هێژا
 
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێورەسمەدا بەشدارم کە کردنەوەی کەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ــە کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینيی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە.
 
ئەم کەنیسەیە بە ناوی (ئوم ئەلنوور) کراوە واتا دایکی ڕووناکی، کە یەکێکە لە ناسناوەکانی حەزرەتی مەریەمی پاکیزە (دروودی خوای لەسەر بێت). حەزرەتی مەریەم نەک تەنیا لە ئایینی کریستیان، بەڵکوو لە ئیسلامیش، پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و لە قورئانی پیرۆزدا، لە دەیان ئایەتدا، بە ڕێزێکی زۆرەوە ناوی هاتووە. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، خانمی زۆرمان هەن کە بەو ناوە ناو نراون. هیوادارم ئەم کەنیسەیە، ببێتە شوێنێکی گرنگی خواپەرستيی خوشک و برایانی کریستیان لە عەنکاوە و ببێتە مەڵبەندێکی پەرەپێدانی زیاتری برایەتی و دۆستایەتی نێوان ئایینەکان و گەشەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا.
 
لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتیش دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و موسڵ و دەشتی نەینەوا، هەزاران خوشک و برای کریستیان لەو شوێنانە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بهێنن، بە تایبەتیش لە عەنکاوە نیشتەجێ ببن و بە ئاشتی و ئارامی بژین. ئەم کەنیسەیەش، دیارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم، بەشێکی زۆریان لە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوان کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیان، هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێدا دەکەن.
 
بەڕێزان :
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر، بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان بتوانن بە سەربەرزی و بە ئارەزووی خۆیان بۆ ماڵەكانیان و كەنیسەكانیان بگەڕێنەوە.
 
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پڕۆژەیەکی ڕێگەوبانمان لە نزیک پەرستگەی لالش کردەوە کە ئاسانکارییەکی زۆر بوو بۆ خوشک و برایانی ئێزیدیمان. هەر ئەمڕۆش دوای کردنەوەی ئەو کەنیسەیە، بەردی بناخەی پەیمانگەی ئایینی ئەزهەر دادەنێین و هەروەها بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان لە هەولێر دەکەین. ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی هەمەڕەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەموو ئایینەکان و بە قووڵکردنەوەی زیاتری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
دووبارە پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم کەنیسەتان لێ دەکەم و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت و هەمیشە بە خۆشی و برایەتی و تەبایی بژین.
جارێكی تر سوپاس
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.