مەسرور بارزانی: نابێ رێگە بە بڵاوبوونەوەی پەیامی تووندوتیژ، یەکدی قبووڵنەکردن و دژایەتیکردن بدرێ

12-10-2025
پەیمان محەممەد
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مامۆستایانی ئایینی ئیسلام رۆڵێکی گرنگیان لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی کورددا هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەوەی بەرەو کوردستانێکی سەقامگیرتر بڕۆین، نابێ رێگە بە بڵاوبوونەوەی پەیامی تووندوتیژی ئایینی بدرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەردی بناخەی باڵەخانەی پەیمانگەی ئەزهەر دانرا و رێز لە دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی پەیمانگەی پێشنوێژ و گوتارخوێنانی هەولێر گیرا. 
 
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند: ''مامۆستایانی ئایینی رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد، پێشخستنی زمان، ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیدا گێڕاوە.''
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری سەرکردە و رێبەران، شاعیران و نووسەرانی کورد، کەسایەتیی ئایینیی ئیسلامی بوون کە ''رۆڵێکی بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان، پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی هەبووە.''
 
پەیمانگەی ئەزهەر سەر بە زانکۆی ئیسلامیی ئەزهەرە لە قاهیرە و ساڵی 2008 لە هەولێر دامەزراوە، بەڵام باڵەخانەی نەبووە. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی زانکۆی ئەزهەر کرد و گوتی، تاوەکو ئێستا سەتان قوتابیی کورد خوێندنیان لەو زانکۆیە تەواو کردووە و سەلاحەدینی ئەیوبی، سەرکردەی کوردی ئایینیی ئیسلام، رۆڵێکی گرنگی لە پێشخستن و پەرەپێدانیدا هەبووە.
 
مەسرور بارزانی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات: ''بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی کە پێویستە لە کۆمەڵگەدا زیاتر گرنگی پێبدەین.''
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە، نابێ رێگە بە بڵاوبوونەوەی پەیامی تووندوتیژ، یەکدی قبووڵنەکردن و دژایەتیکردن بدرێت ''بۆ ئەوەی بەرەو کوردستانێکی ئارامتر، سەقامگیرتر، ئاوەدانتر'' بڕۆین. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە