رووداو دیجیتاڵ
شەوی دووشەممە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە گەڕایەوە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.
هەریەک لە ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان و سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بە سەردانەکەیان هێنا بۆ بەغدا و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10ـی ئەم مانگە شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. ئەمە وێڕای دارا رەشید وەزیری پلادانان و سیروان محەممەد بریکاری وەزارەتی پلادانانی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 11-12-2023، بە ئامادەبوونی بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، پێشوازی لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک دۆسیەی ئەمنی، دارایی و ئابووری، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا.
هەر لە دیدارەکەدا "دووپات لە گرنگی زیاترکردنی هاوئاهەنگی نێوان ناوەند و هەرێم کرایەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی سیاسەتی گومرگی، یاسای پاراستن بەرهەم بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی وڵات و گەل بەدی بێت".
محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق، رۆژی دووشەممە، پێشوازی لە دارا رەشید، وەزیری پلادانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پلادانانی عێراق، لە دیدارەکەدا رێکار و ئامادەکاریی هاوبەش تاوتوێکرا بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت.
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق گوتی، "سەرژمێری پرۆژەیەکی گەشەپێدانی گرنگە، دوورە لەهەر بابەتێکی سیاسی، کاری لە پێشینەی حکومەتە بۆ ئەوەی باشترین دۆخ فەراهەم بکات تاوەکو سەرژمێری لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوەبچیت، دوای چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی ساڵانی رابردوو کە ئاستەنگیان لەبەردەم جێبەجێکردنی دروستکردبوو".
لای خۆیەوە، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەنگاو و رێکارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کرد، دووپاتیکردەوە لە ئامادەباشی تەواون بۆ کاری هاوبەش لەپێناو گەرەنتی سەرخستنی سەرژمێری بەپێی پێوەری جیهانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ