رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، زیانلێکەتووانى لافاوەکەى هەرێمى کوردستان قەرەبوو دەکرێنەوە. دوای تەواوبوونى بەدواداچوونەکانیان لە کەرکووک، سەردانى زیانلێکەوتووانى چەمچەماڵ دەکەن.
هەینى 12ى کانونى یەکەمى 2025 ، فەریق روکن جەعفەر بەتات، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانی دا گوتى: "برایانمان لە هەرێمی کوردستان لیستێکی تەواو ئامادە دەکەن لەبارەی زیانەکان، کە مرۆیی بن یان ماددی، هاووڵاتییان بە گوێرەی یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە."
ئەو گوتانەى بەرپرسەکەى حکومەتى فیدراڵ لە سەردانێکی دا بوو بۆ ناحیەى قەرەهەنجیر لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک بۆ بەدواداچوون بۆ زیانەکانى لافاوەکەى 9ى کانوونى یەکەم.
لەبارەى سەردانى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى چەمچەماڵ، فەریق روکن جەعفەر بەتات گوتى: "ئێستا بەدواداچوون بۆ دۆخی کەرکووک دەکەین؛ پێنج گوند رێگەیان لێگیراوە، کارەبا و رێگەیان نییە. ئەگەر ئەمانەمان چارەسەر کرد، بەدڵنیاییەوە سەردان دەکەین."
بەهۆى ئەو لافاوەوە پێنج کەس لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستدا، کە دووانیان لە سنوورى قەزاى چەمچەماڵ بوون.
سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نوێنەری هەیە لە ناوەندەکەیان و هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوانیاندا هەیە.
چوارشەممە 10ی کانونی یەکەمی 2025، فەریق روکن جەعفەر بەتات، وەک نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بۆ بەدواداچوونی رووداوی دروستبوونی لافاو، سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد.
فەریق روکن جەعفەر بەتات گوتى: "کەمتەرخەمى هەیە لەوەى پەیوەندیدارە بە زێدەڕۆیی بۆ سەر رێڕەوى ئاو بەتایبەت لە دۆڵەکاندا و هۆکارى ئەو زیانە زۆرە بوون، کە لە کەرکووک روویداوە، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە پردەکانەوە کە وایکردووە رێڕەوەکە تەسک ببێتەوە و شەپۆلى ئاوەکەى بەهێز کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ