رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوار مانگ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی 2023-2024، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە. نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو جەخت دەکەنەوە، کە ناگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان تاوەکو داواکانیان جێبەجێ نەکرێت.
وەزارەتی پەروەردە لەبارەی داواکاریی مامۆستایانی ناڕازییەوە 7ـی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئاماژە بە یاداشتی مامۆستایان، کە ئاراستەمان کراوە، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران[ـی هەرێمی کوردستان]، رەزامەندی هەیە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکات. هەروەها بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری."
مامۆستایان: سبەی خۆپیشاندان بەڕێوەدەبەین
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی نەگەڕاندەوە دەوام؛ محەممەد کەمال، نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 13-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئێمە دڵنیایی نەبوو؛ ئێمە داوامانکردبوو بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێین تاوەکو بودجە لە عێراقەوە دەنێردرێت و ئەو کاتە بودجە نێردرا بکرێین بە هەمیشەیی".
نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی جەختیکردەوە، بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی و لەو چوارچێوەیەدا سبەی لە سلێمانی جارێکی دیکە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوە دەبەن.
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەکان لە راگەیێندراوی جیادا داوایان کرد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و مامۆستایان بگەڕێنەوە دەوام.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی دیکەی مامۆستایانە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە تەواوی ئەو پەروەردانەی بایکۆت هەیە نزیکەی 30 قوتابخانەیەک لەنێو سلێمانی کراونەتەوە و لە شارەکانی دیکە هیچ قوتابخانەیەک دەوامی تێدا ناکرێت؛ ئەگەر قوتابخانەیەکیش بە فەرمانی کارگێڕی کرابێتەوە تەنیا بەڕێوەبەر و یاریدەدەر دەچن و قوتابیان دەوامی تێدا ناکەن، چونکە مامۆستاکان نەگەڕاونەتەوە".
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان گوتی، "ناڕەزاییەکانمان بەردەوامن؛ رۆژی یەکشەممە لە 13 پەروەردەی ئەو شارانەی بایکۆتیان تێدایە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت و بایکۆتیش بەردەوام دەبێت".
"لە هەڵەبجە یەک قوتابخانە نەکراوەتەوە"
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش بایکۆت بەردەوامە؛ دانا عەبدول، نوێنەری مامۆستایانی دامەزراو لە هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەڵەبجە یەک قوتابخانە نەکراوەتەوە؛ سوورین لەسەر داوا و مافەکانمان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان، کە سەرەکیترینیان پلە بەرزکردنەوەیە".
دانا عەبدول گوتی، ئەوان داوا دەکەن لەمەودوا 30 رۆژ جارێک مووچەیان پێبدرێت؛ وانەبێژان دابمەزرێندرێن و بەرچاوڕوونییان پێبدرێت کە کەی مووچەی پاریان پێدەدرێت و چارەنووسی مووچە پاشکەوتکراوەکانیشیان بۆ یەکلابکرێتەوە.
جێبەجێکردنی داوای مامۆستایان مانگانە زیاتر لە 28 ملیار دیناری پێویستە
کۆی مووچەی وانەبێژان نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەگەر تەواوی وانەبێژان بکرێنە گرێبەست، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 17 ملیار و 500 ملیۆن دینارە؛ واتا حکومەت هەر مانگێک چوار ملیار بودجەی زیاتری پێویست دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 123 هەزار مامۆستای دامەزراوی هەمیشەیی هەن و مووچەیان بە گوێرەی بڕوانامە و خزمەتیان جیایە؛ بەرپرسێک لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرزبوونەوەی پلەی هەر مامۆستایەک جیایە لەوی دیکە؛ بەگشتیی زیادکردنی مووچەکەی لە 100 بۆ 300 هەزار دینار دەبێت."
ئەگەر ژمارەی تێكڕای مامناوەندی بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایانی دامەزراو وەربگرین کە 200 هەزار دیناری مانگانە بێت، 123 هەزار مامۆستای دامەزراو مانگانە پێویستیان بە 24 ملیار و 600 ملیار دیناری دیکەیە بەپێی پلەکانیان.
بەگوێرەی ئەو ژمارانەی سەرەوە بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 28 ملیار و 600 ملیۆن دینار بودجەی زیاترە بۆ مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ.
ئەمڕۆ چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 –2024 دەستیپێکردووە، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە. لەو سنوورانەشی بایکۆت هەیە، خوێندنی ئەهلی لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوامە و دوانەکەوتوون.
بایکۆت لەکاتێکدایە، لەو سنوورانەی خوێندن بەردەوامە 21ـی ئەم مانگە وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێدەکات و وەرزی یەکەم کۆتایی دێت.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ