رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ملیارێک و 730 ملیۆن دینار بۆ بودجەی پڕۆژەی رێگەی گوێڕ - هەولێر زیاد بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لە بڕیارەکانی ئەمڕۆ سێشەممە 3-2-2024ی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بووە بە پڕۆژەی رێگەی نێوان گوێڕ- هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر:
یەکەم: پارەی یەدەگی پڕۆژەی دروستکردنی سایدی دووەمی رێگەی گوێڕ - هەولێر کە درێژییەکەی 35 کیلۆمەترە، لە 10٪وە بۆ 18.77٪ زیادبکرێت.
دووەم: ملیارێک و 730 ملیۆن و 816 هەزار دینار بۆ کۆی تێچووی پرۆژەکە زیادبکرێت، بەوەش لە 22 ملیار و 560 هەزار و 670 هەزار دینارەوە دەبێتە 24 ملیار و 291 ملیۆن و 486 هەزار دینار، واتە 7.671٪ کۆی تێچووی پرۆژەکە زیاد دەکرێت.
سێیەم: راست و دروستی تەواوی داتا و زانیارییەکان لە ئەستۆی پارێزگای نەینەوایە کە پێشکێشی وەزارەتی پلادانان کراوە.
جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستکردنی سایدی دووەمی رێگەی گوێڕ - هەولێر لە 2020ـەوە دەستیپێکردووە، بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و پردەکانی نەینەوا سەرپەرشتی دەکات، هەردوو کۆمپانیای نجوود و قەمەر بەحر جێبەجێی دەکەن.
ناحیەی گوێڕ دەکەوێتە سنووری قەزای مەخموور و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی نەینەوایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ