رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا بەهۆی پێگەیشتنی تەماتەی نێوخۆی عێراقەوە هاوردەکردنی تەماتە قەدەخە کراوە، تەماتەی ئێرانی هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵیی لە هەولێر دەڵێت، لە هەبوونی تەماتەی ئێرانی لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار کردووەتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان لە 21ـی مانگی رابردووەوە بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، هاوردەکردنی تەماتەیان قەدەخە کردووە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تەماتەی ئێرانی لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانیدا دەفرۆشرێت.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە نووسراوی فەرمی سەرووی خۆیان ئاگادارکردووەتەوە لە هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی بۆ هەولێر.
هۆشیار جەلیل گوتی، تەماتەی ئێرانیی لە "سلێمانییەوە دەهێندرێتە هەولێر"، ئەویش بە سوود وەرگرتن لەوەی بازگەکانی نێوان هەردوو شارەکە هەر هەرێمی کوردستانن و قەدەخەی لەسەر نییە.
ئێستا کیلۆیەک تەماتەی عێراقی لە بازاڕەکاندا بە 750 بۆ هەزار دینارە؛ تەماتەی ئێرانیش نزیکەی هەزار و 500 دینارە. بە گوتەی هۆشیار جەلیل، کواڵیتی تەماتەی عێراقیی لە ئێرانییەکە باشترە.
پێشتر تەماتە لە تورکیا، ئێران، بەشێکیش لە ئوردن و سووریاوە هاوردە دەکران، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی رایگەیاندبوو، وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی تەماتەی لە بەرژەوەندی جووتیارانی کوردستان قەدەخە کردووە و ئەوانیش ئەم بڕیارەیان لە بەرژەوەندیی جووتیارانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ