ئاسایشی سلێمانی بۆ رووداو: هەر کەسێک داڵدەی کوێخا دێرین بدات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

13-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رووخاندن و تەقاندنەوەی بەشەکانی قەڵاکەی کوێخا دێرین عوزێری لە سنووری سلێمانی بەردەوامە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ناوبراو کە تۆمەتبارە بە سەرانە وەرگرتن، دەستگیر نەکراوە. ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت، هەر کەسێک داڵدەی کوێخا دێرین بدات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا.
 
دوای رووخانی دیوەخانەکە، ئەمڕۆ سێشەممەش رووخاندن و تەقاندنەوەی بەشەکانی دیکەی ئەو قەڵایە بەردەوامە. هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا کوێخا دێرین عوزێری دەستگیر نەکراوە".
 
سەرچاوەکەی ئاسایش ئاماژەی بەوە کرد، کوێخا دێرین لەلایەن "دادگە"وە داواکراوە و لە هەر شارێک بێت دەبێت دەستگیر بکرێت. گوتیشی، "هەرکەسێک داڵدەی دابێت رووبەڕووی دادگە و لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە".
 
کوێخا دێرین عوزێری تۆمەتبارە بە ناردنی دوو کەس بۆ بریندارکردنی بازرگانێک کە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت دەستگیریان کردوون و دانیان بە "تاوانەکەیاندا ناوە". 
 
ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە، هاونیشتمانییەکە بەناوی ئەحمەد کامیل فەقێ.
 
ئەحمەد کامیل فەقێ بە رووداوی گوت: "دوو کەس هاتن و دەرگای ئۆتۆمبێلەکەمیان کردەوە و گوتیان کارمەندی ئاسایشین، داوای ناسنامەیان لێکردم، دوای ئەوەی سەیری ناسنامەکەیان کرد دەمانچەیان دەرهێنا و تەقەیان لێکردم".
 
ئەحمەد کامیل رۆژی دوای رووداوەکە داوای یاسایی تۆمارکردووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "دوای دوو رۆژ لە برینداربوونم لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە زانیم ئەو دوو کەسە سەر بە کوێخا دێرینن، کە ئاگادارکراینەوە، بە هێزە ئەمنییەکانمان گوت، دوو رۆژ پێش رووداوەکە کوێخا دێرین هاتووەتە سەر پرۆژەکانمان و داوای سەرانەی لێکردووین".
 
سەرمایەدارە بریندارەکەی سلێمانی گوتیشی: "زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارمان بە سەرانە داوەتە کوێخا دێرین.. ئێمە خەڵکێکی کاسبکارین و بەدوای کێشەدا ناگەڕێین و دەمانویست بڕوات و لەکۆڵمان ببێتەوە، ئەو وای خۆ دەناساند کە دەسەڵاتی لەو ناوچەیە هەیە، کە پرۆژەکەی ئێمەی لێیە".
 
دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، سەرۆکی تیرەی سمایل عوزێری لە عەشیرەتی عوزێری، دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوان دژی دروستکردنی هەر قەڵاو دیوەخانێکن بخزێندرێتە پاڵ ناوی هیچ حیزب و دەستڕۆشتوویەکەوە. بەتایبەت عەشیرەتێکی "خاوەن قوربانی" وەکو ئەوان.
 
ئەو کەسایەتییەی عەشیرەتی عوزێری بە رووداوی راگەیاند، ئەوان دوورن لە هەر کارێکی خراپ کە ئەگەر دێرین عوزێری کردبێتی و رەتیدەکاتەوە ئەو بابەتە پەیوەندی بە عەشیرەتەکەیانەوە هەبێت.
 
هاوکات، داوای لێکرد خۆی رادەستی یاسا بکات. گوتیشی: "کوێخا دێرین یەکێک بووە لە گەنجەکانی ئێمە، بەڵام قەت لەگەڵ ئەوە نەبووین بچێت و تەعەدا لە خەڵک بکات و سەرانە وەربگرێت، لەبەرئەوەی یاسا سەروەرە و ئێمە پاڵپشتی لەو گەنجە ناکەین".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.