ژنێک لە هەولێر: لەکاتی هێرشەکەدا ماڵەکەمان یەکپارچە بووە ئاگر و دووکەڵ

13-03-2022
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
ماڵێکی زیانبەرکەوتوو لە هەولێڕ
ماڵێکی زیانبەرکەوتوو لە هەولێڕ
نیشانەکردن هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر و زیان بەر ماڵی بەشێک لە هاونیشتمانییان گەیشت. ئەوان باسی کاتی رووداوەکە دەکەن.
 
یەکێک لەو 12 مووشەکەی ئاڕاستەی هەولێر کران، بە دووری نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە نزیک ماڵی هیوا عەزیز، لە کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر کەوتووە. خۆی و خێزانە 5 کەسییەکەی سەلامەتن، بەڵام سەرەڕای دووری، بەهێزی دەنگیی تەقینەوەکە، بنمیچ، دەرگە و پەنجەرەی ماڵەکەی شکاندووە.
 
هیوا عەزیز، زیانبەرکەوتووێکی هێرشەکەیە و دەڵێت، "دەنگەکان زۆر ناخۆش بوون، نەماندەزانی دەنگی چییە، یەک لە دوای یەک دەنگ دەهات.. خۆشبەختانە هەموومان سەلامەتین" و تەنیا زیانی ماددییان پێگەیشتووە.
 
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە و دەڵێن بنکەکانی ئیسرائیلیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج، بەڵام لە دیمەنەکان وا دەرناکەوێت.
 
یەکێک لە مووشەکەکان بەر ماڵی کەسێکی دیکە بە ناوی ئیناس ئەحمەدی موسڵاویشی کەوتووە کە 15 ساڵە بۆ ژیانێکی ئارامتر هانای بۆ هەولێر هێناوە. لەگەڵ خێزانەکەی لە ناو باخەکانی مەلا ئۆمەر نیشتەجێبوون.
 
ئەوان هێشتا لە شۆکدان، تەنانەت ژووری خەوتنی منداڵەکانیش پارێزراو نەبوون، بەڵام دایکی منداڵەکان سوپاسگوزارە کە لە مردن رزگاریان بووە. 
 
ئیناس ئەحمەد، زیانبەرکەوتوو دەڵێت، "بۆردوومانێکی زۆر بەهێز بوو، ناوماڵەکەمان یەکپارچە بووە ئاگر و دووکەڵ. مووشەک دوای مووشەک دەتەقانەوە. بە راددەیەک خێرابوو، پێمان نەکرا رابکەینە ژوورەکەی دواوە تا بچینە دەرەوە. بەرگەمان نەگرت، ویستمان لەم ژوورەوە رابکەین، بەڵام بەهۆی شکانی بەهێزی شووشەی پەنجەرەکان، بوێریمان نەکرد بجوڵێینەوە. هەرچۆنێک بێت بە راکردن چووینە دەرەوە، نازانین لە ماوەی 20 خولەکدا 10 مووشەک بوو 11 بوو یان 12 یەک بەدوای یەک دەتەقانەوە".
 
هەرچەند بەرەبەیانی یەکشەممە، زۆربەی خەڵکی هەولێر گوێیان لە دەنگی تەقینەوەکان بووە، بەڵام لە بەشی رۆژهەڵاتی پایتەخت بە تەواوەتی هەستی پێکراوە و نزیکەی 100 دووکان و ماڵ لەو ناوچەیە زیانیان بەرکەوتووە.
 
حوسێن فەرهاد، زیانبەرکەوتووێکی دیکەیە و دەڵێت، کاتێک دەنگەکە هات بەپەلە منداڵەکەی هەڵگرتووە، دوای بینینی دۆخی شێواوی ماڵەکەی ترساوە و لەگەڵ منداڵەکەی چووەتە ژوورێکی دیکە.
 
لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، زیاتر لە 4 مووشەک بەر ماڵی شێخ باز کەریم بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کار و یەکێک لە سەرمایەدارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووە و بەهۆیەوە پاسەوانێکی بریندار بووە. 
 
هەر لەو هێرشەدا، شۆفێری تەکسییەکیش لە نزیک ماڵی شێخ باز، بریندار بووە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، تەنیا دوو کەس بەسووکی بریندار بوون کە یەکێکیان شۆفێرە و ئەوەی دیکەیشیان پاسەوانی یەکێک لە باخەکانی ئەو ناوچەیە بوون.
 
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، ئامانجەکەیان پێکاوە. ئامانجێک کە تەنیا بەر موڵک و ماڵی هاونیشتمانییان کەوتووە و ناچارن خۆیان قەرەبووی ئەو زیانە بکەنەوە کە نازانن بۆچی پێیان گەیێندراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە