رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق داوای لە فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنوور لە گەرمیان کردووە، لەگەڵ جووتیارانی دەڤەرەکە دانیشێت و کێشەی تەلبەندکردنی سنوور چارەسەر بکات.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەلبەندکردنی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لەو ناوچانەی کێشەی تێدایە راگیراوە، بەڵام لە ناوچانەکانی دیکە بەردەوامە".
سروە محەممەد، کە هاوکات نوێنەری گەرمیانە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوێنێ سێشەممە فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق پەیوەندی بە فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنوور کردووە لە گەرمیان، داوای لێکردووە لەگەڵ جووتیارانی گەرمیان کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
پێشتر کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە 28ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەلبەندکردنی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران راگرتووە.
ماوەیەکە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە رێگەی بەڵێندەرێکی عەرەبەوە لە ناوچەی گەرمیان دەستی بە تەلبەندکردنی سنوور لەگەڵ ئێران کردووە، بەتایبەتی لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان. بڕیاربوو تەلبەندکردنەکە درێژ ببێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی بیارە و تەوێڵە لە هەورامان تاوەکو دەگاتە پێنجوێن.
لەمبارەیەوە، کاروان یاروەیس باسی لەوە کرد، "بەهۆی تەلبەندکردنەکەوە خاک و زەوییەکی زۆری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دیوی ئێران، بەوەش جووتیاران ناتوانن بچنە ئەوبەری تەلبەندەکە لە کاتێکدا زەوی و خاکی خۆیانە".
هەروەها هۆشداریدا لەوەی، تەلبەندەکە رێگری دەکات لە سوودوەرگرتن لە رووبارەکان و هەندێک ناوچەی شوێنەوارییش دەکەونە ئەودیوی تەلبەندەکانەوە. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان خاکێکی زۆر لەدەستدەدات. هەرچەندە بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەمە کێشانی سنوور نییە، بەڵام ترس هەیە ئەمە ببێتە دیفاکتۆ و خاكێکی زۆر بکەوێتە نێو ئێران.
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناڕەزایی خەڵکی زۆری ناوچەکە، یاداشتێک گەڵاڵە کرا و رۆژی سێشەممە (27ی شوباتی 2024)، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق یاداشتەکەی رادەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و ئەویش رەزامەندی داوە تەلبەندکردنەکە رابگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ