رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راپۆرتی تایبەت بە ئامادەکاریی و کارەکانی رۆژانی جەژنی رەمەزانی بڵاوکردەوە و دەڵێ "پلانەکە وەکو خۆی، بە سەرکەوتوویی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێکرا."
نووسینگەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو (13-4-2024) رایگەیاند یەکە کارگێڕی، ئیدارییەکان، هێزە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان لە ماوەى چەند رۆژى رابردوو وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان، لە ئەرکدابوون.
ئامادەکاری و پلانەکانی سێ رۆژی جەژنی رەمەزان لەلایەن لیژنەى ئەمنیی پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر جێبەجێکرا.
"سەرجەم بڕگەکانی پلانی جەژن وەک خۆی و بەسەرکەوتوویی جێبەجێکراون" و، ئامارەکانیش بەپێی یەکەکان وەک نووسینگەی پارێزگاری هەولێر بڵاویکردووەتەوە، بەمشێوەیەن:
- ژمارەی ئەو گەشیارانەی تەنها لە رۆژانی پشووی جەژندا سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە 69 هەزار و 499 گەشتیارە.
- لە رۆژانی جەژندا 30 تاوان تۆمارکراون، 28 تاوان ئاشکراکراون و دوو تاوانیش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
- بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، پێنج رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامیاندا 20 کەس برینداربوون و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.
- پێنج حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
- لە سێ رۆژی جەژندا، هەشت هەزار و 786 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە. 140 منداڵ لەدایک بوون و 240 نەشتەرگەریی بچووک ئەنجامدراون، هەروەها 979 حاڵەتى شووشتنی گورچیلە و 52 حاڵەتى سووتان تۆمارکراون.
- هەشت هەزار و 150 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ