لە ساڵێکدا 28 کرێکار لە لوڕستان لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە

13-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی دادپزیشکیی لوڕستان ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانی ئەو پارێزگایەی لەکاتی کارکردندا بڵاوکردەوە و دەڵێت، 28 کرێکار لەکاتی کارکردن بە رووداوی جیا گیانیان لەدەستداوە و 811 کرێکاریش بریندار بوون.
 
محەممەد رەزا فارس‌ نەژاد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، ساڵی رابردووی هەتاوی لەو پارێزگایە، 28 کرێکار لەکاتی کارکردن بە رووداوی جیاجیا گیانیان لەدەستداوە؛ یەکێکیان ژن و 27یان پیاو بوون.
 
بە گوتەی فارس‌ نەژاد، لەو ساڵەدا 811 کرێکاریش لەکاتی کارکردندا بریندار بوون، 31یان ژن و 780یان پیاو بوون.
 
بەڕێوەبەری دادپزیشکی لوڕستان دەڵێت، پار رووداوەکانی کاتی کارکردن بەراورد بە پێرار 14.7% زیادیان کردووە؛ زۆربەی رووداوەکان کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و بەرکەوتنی کەرەستەی کارکردن بوون.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 13 هەزار رووداو لەکاتی کارکردنی کرێکاران روودەدەن، کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار کرێکار. پار لە پارێزگای ورمێ لە 1403 رووداودا، 53 کرێکار و لە سنەش لە 178 رووداودا، 15 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە