هیومەن رایتس وۆچ: داخستنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەکانی شنگال دەخاتە مەترسییەوە

13-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) لە راپۆرتێکدا هۆشداری لە داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، ئەو کارە ئاوارەکانی شنگال "دەخاتە مەترسییەوە."
 
حکومەتی فیدراڵیی عێراق 30ی تەممووزی ئەم ساڵی بۆ داخستنی کەمپەکان دیاریکردووە، کە بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ژمارەیان 32 کەمپە، نزیکەی 157 هەزار ئاوارەیان تێدایە و زۆربەیان خەڵکی شنگالن.
 
لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی ئایار بڵاوکراوەتەوە، هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، داخستنی ئەو کەمپانە "مافی زۆر لە نیشتەجێکراوانی ئەو کەمپانە کە خەڵکی قەزای شنگالن، دەخاتە مەترسییەوە."
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، "شنگال هێشتا ناسەقامگیرە و وەکو پێویست خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تێدا نییە بۆ زامنکردنی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی هەزاران ئاوارە، کە رەنگە بەمنزیکانە ناچار بکرێن بگەڕێنەوە."
 
سارا سنبار، لێکۆڵینڤانی رێکخراوە مافپەروەرەکە لە عێراق دەڵێت، "زۆربەی شنگالییەکان لە 2014وە لە کەمپەکاندا دەژین و شایستەی ئەوەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام پێویستە گەڕانەوەکە سەلامەت و خۆویستانە بێت." هەروەها دەشڵێت، "لەبەر ئەوەی خزمەتگوزاری، ژێرخان و سەلامەتی لە قەزاکەدا نییە، حکومەت سەرکێشی نانەوەی مەترسیی دۆخێکی لەمە خراپتر دەکات."
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی 2014 تاوەکو 2017 لە شەڕی دژی داعش 80%ی ژێرخان و 70%ی خانووەکانی شنگال وێران بوون.
 
بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە راپۆرتەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە، نزیکەی 183 هەزار کەسی خەڵکی شنگال هێشتا ئاوارەن، لەنێویاندا 85%ی کوردانی ئێزدیی شارەکە. ئێستا 65%ی گوند و شارەدێکانی شنگال تەنیا نیوە یان کەمتری دانیشتووانیان تێدا ماون. 13 شارەدێ و گوندیش لە ساڵی 2014وە هیچ کەسیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.
 
24ی کانوونی دووەم، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق 30ی تەممووزی بە دوایین وادە بۆ داخستنی کەمپەکان دیاریکرد. بۆ بۆ ئەوەی هانی گەڕانەوەشیان بدات، وەزارەتەکە پاکێجێکی یارمەتیی بۆ ئەوانە تەرخانکرد کە دەگەڕێنەوە، لە نێویاندا پێدانی 4 ملیۆن دیناری عێراق بە هەر خێزانێک (ئەم پارەیە یەک جار دەدرێت)، رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی حکومی، بیمەی کۆمەڵایەتی و قەرزی بێ سوو بۆ بازرگانییە بچووکەکان.
 
هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکی پاردا دەریخستبوو کە بەربەستێکی سەرەکیی بەردەم گەڕانەوەی شنگالییەکان بۆ سەر زێدیان، قەرەبوونەکردنەوەیانە لە لایەن حکومەتەوە لە بەرامبەر ئەو زیانەی بە ماڵ و سامانیان گەیشتووە، لە پاڵ نەمانی بژێو، دواکەوتنی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، ناسەقامگیری و نەبوونی دادپەروەری.
 
ئایاری پاریش، هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردبوو کە هیچ کەسێکی خەڵکی شنگال قەرەبوو نەکراوەتەوە.
 
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەی رۆژی دووشەممەیدا باس لەوە دەکات، ژمارەی ئەوانەی داواکاریی قەرەبوویان پێشكێش کردووە، گەیشتووتە 8 هەزار و 300 کەس.
 
دوو بەرپرسی حکومەتی فیدڕالی بە رێکخراوەکەیان راگەیاندووە، هۆکاری دواکەوتنی قەرەبووەکە، "هەبوونی کێشەیە لە بودجەدا."
 
سەنبار دەڵێت، "هیچ کەس نایەوێت بۆ تاهەتایە لە کەمپەکاندا بژیت، بەڵام داخستنی ئەم کەمپانە لە کاتێکدا کە زێدەکەیان سەلامەت نییە، چارەسەرێکی باش نییە بۆ کێشەی ئاوارەکان." لێکۆڵینڤانەکە دەشڵێت، "پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال هەیە. پێویستە حکومەت خەرجیان بکات بۆ ئەوەی شنگالییەکان بتوانن بگەڕێنەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان بکەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەزا رەحمانی، پارێزگاری نوێی ورمێ.

پارێزگاری نوێی ورمێ ئەمڕۆ دەستبەکار دەبێت

وەزیری ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی رەزا رەحمانی، پارێزگاری نوێی شارەکەدا ئامادە بێت.