کوردستان
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەوە گەشتەکانیان هەڵوەشاونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، گرفتێکی زۆر بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن کە بیانگەڕێننەوە ماڵەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عیراق داخراو گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیران. ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ دروستکرد کە بەشێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
هاوکات ژمارەیەک لە حاجییان کە سەفەری ماڵی خودایان کردبوو، لە رێگەی گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.
بەپێی فەرمانگەی پەیوەندییەکان، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی خۆی، لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتیان تێیدا گیریان خواردووە لە پەیوەندیدایە بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکان، تا بتوانین بە زووترین کات هاووڵاتییانمان بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان."
حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، "بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە هانای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بچێت لەکاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک. وەک چۆن لەسەردەمی پەتای کۆڕۆناو لەکاتی رووداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکیدا بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ