گومەزی ئاسنین، قەڵخانی داود و تیژڕۆ؛ ئیسرائیل بە سێ سیستمی بەرگری مووشەکەکان دەتەقێنێتەوە

14-06-2025
تەنیا ئەحمەد
ساتی گەیشتنی مووشکەکانی ئێران بۆ تەلئەڤیڤ
ساتی گەیشتنی مووشکەکانی ئێران بۆ تەلئەڤیڤ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل کەوتوونەتە کار و بەشێکی زۆری ئەو مووشەکانەیان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی ئەو وڵاتە کراون. 
 
ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی خۆی، پشت بە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی یەکخراو و فرەچین دەبەستێت کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت.
 
ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی مووشەک و درۆنەکان، سێ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێکەوەبەستراو بەکاردەهێنێت کە هەر یەکەیان تایبەتە بە جۆر و مەودایەکی دیاریکراوی هەڕەشەکان.
 
یەکەم: سیستمی گومەزی ئاسنین (Iron Dome) - مەودای کورت
 
ئەم سیستمە بە هێڵی یەکەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل دادەنرێت و تایبەتە بە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی مەودا کورت.
 
ئامانج: بەرپەرچدانەوەی رۆکێتی مەودا کورت و گوللـە تۆپ (هاوەن).
 
مەودا: لە 4 کیلۆمەترەوە تاوەکو 70 کیلۆمەتر.
 
چۆنیەتیی کارکردن: سیستمەکە رادارێکی هەیە کە ئاراستە و خێرایی رۆکێتی هاتوو دیاری دەکات. پاشان ناوەندی کۆنترۆڵ هەڵسەنگاندن دەکات کە ئایا رۆکێتەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان یان نا. ئەگەر هەڕەشە نەبوو، رێگەی پێدەدرێت لە شوێنێکی چۆڵ بکەوێتە خوارەوە، بەڵام ئەگەر هەڕەشە بوو، یەکەی مووشەکهاوێژ، مووشەکی بەرپەرچدەرەوە (تامیر) ئاراستە دەکات بۆ تەقاندنەوەی لە ئاسماندا.
 
پێکهاتەکان: مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی تامیر، هەڵدەر، رادار و سیستمی کۆنترۆڵ.
 
دووەم: سیستمی قەڵخانی داود (David’s Sling) - مەودای مامناوەند
 
ئەم سیستمە چینی دووەمی بەرگری پێکدەهێنێت و بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مەترسیدارتر و خێراتر دروستکراوە.
 
ئامانج: بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستیی مەودا کورت، رۆکێتی قەبارە گەورە و مووشەکی کرووز.
 
مەودا: لە 40 کیلۆمەترەوە تاوەکو 300 کیلۆمەتر.
 
پێکهاتەکان: مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی ستەنەر (Stunner)، یەکەی هەڵدانی ستوونی، رادار و وێستگەی ئۆپەراسیۆنەکان.
 
سێیەم: سیستمی تیژڕۆ (Arrow System) - مەودای دوور
 
ئەمە پێشکەوتووترین و دوورمەوداترین سیستمی بەرگریی ئیسرائیلە و بۆ بەرگریکردن لە مووشەکە بالیستییە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرێت کە زۆرجار لە دەرەوەی بەرگەهەوا دەخرێنە خوارەوە.
 
ئامانج: بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەند و دوور.
 
مەودا: تاوەکو 2,400 کیلۆمەتر.
 
پێکهاتەکان: ئەم سیستمە دوو جۆر مووشەکی هەیە: ئارۆ 2 - Arrow 2 بۆ بەرزیی کەمتر و ئارۆ 3 - Arrow 3 بۆ بەرزیی زۆرتر. هەروەها پێکدێت لە هەڵدەر، ناوەندی کۆنترۆڵ و سەنتەری بەڕێوەبردنی شەڕ.
 
ئەم سیستمە فرەچینە رێگە بە ئیسرائیل دەدات کە بە شێوەیەکی کاریگەر رووبەڕووی هەڕەشە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە؛ لە مووشەکێکی بچووکی کەرتی غەززەوە تاوەکو مووشەکێکی بالیستی کە لە وڵاتێکی وەک ئێرانەوە بهاوێژرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە