رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامهی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان لهگەڵ سوپای تورکیا له باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە دەڵێت، ئەو سێ گەریلایە رۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2022 لە بەرزاییەکانی گابار سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی جەندرمە، گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە؛ بەهیە کاچار ناسراو بە سیلاڤ کۆچەر لەدایکبووی سێرت، مەزڵووم ئاکمان ناسراو بە فێداکار هێلین لەدایکبووی ئیستەنبووڵ و یەعقووب دەمیر ناسراو بە عەگید نیزیپ لە دایکبووی دیلۆک.
گەریلاکان لە شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابڵۆقە گیانیان لەدەستداوە؛ ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەوە ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆدا کە لە 2017ـەوە لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدرێن، 131 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 616 حەشارگە و کۆگەی چەکیشدا گیراوە؛ لە بەرامبەردا 18 سەرباز کوژراون. هەپەگەش لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 34 سەرباز و گیانلەدەستدانی 36 گەریلای راگەیاندووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە "ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دادەڕێژێت و بەئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دروستبوو و تا نیسانی 2016ی خایاند. لەو رێککەوتە بەدواوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا، پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ