رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی پەنجاعەلی شاری کەرکووک گەنجێکی کورد کوژرا و پۆلیس دەڵێت، گەنجەکە لەلایەن دایکییەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو روویداوە، گەنجەکە ناوی هیوا شوکر محەممەد ئیبراهیم-ە لە دایکبووی 1997ـە. دانیشتووی گەڕەکی پەنجەعەلی شاری کەرکووکە، بەپێی راگەیێندراوێکی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک، هیوا کارمەندی دژە تیرۆر بووە لە سلێمانی.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەنجەکە لەلایەن دایکییەوە بە دەمانچەی خۆی تەقەی لێکراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، دایکەکە ئێستا لە بنکەی پۆلیسی ئازادی دەستگیرکراوە، دۆسیەی بۆ کراوەتەوە و دەدرێتە دادگە".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، "ئەو گەنجە کێشە و گرفتی زۆری ناوەتەوە، زۆرجار بە مەستی گەڕاوەتەوە، ماڵەوەی بێزار و هەراسان کردووە و لێی داون، بەهۆیەوەی دایکی تەقەی لێکردووە و کوشتوێتی، تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە".
بەڵام نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەر لە گیانلەدەستدانی گەنجەکە نووسیویەتی، "لە ماڵەوە تەقەی لە خۆی کردووە و گوللە بەر سینگی کەوتووە، دۆخی ناجێگیرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ