رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواو کراون و لە ئەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان هەڵدەستن بە رێکخستنی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی شایستە داراییەکانی بژمێرەکان. جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە هەموو بژمێرەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن".
رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، بەردەوام بووین لە کارەکانی خۆمان، تاوەکو رەزامەندی وەرگیرا بۆ ئەوەی ئەو شایستە داراییانەی بژمێرەکان بدرێت کە لەلای عێراق ماون".
بە گوتەی مەحموود عوسمان، پرۆسەکە رێکاری کارگێڕی و ژمێریاری زۆری هەبووە، بۆیە کاتی زۆری ویستووە. گوتیشی: "ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە، بڕۆنە بانک و چەکەکانیان وەربگرن، هەرچەندە سبەی پشووە، بەڵام هەموویان دەست بە ئامادەکردنی لیستەکان دەکەن و هەوڵدەدەن لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بژمێرەی هەموو پارێزگاکان شایستە داراییەکانیان وەربگرن".
گرێبەستی کارکردنی وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ ئەو بژمێرانە دوو مانگ بوو، بەڵام کارەکانیان زووتر لەو وادەیە تەواو بوو. جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەر بژمێرێک 125 هەزار دینار وەردەگرێت".
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا، دوای هەوڵێکی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەت، تواندرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان، یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکومەتی عێراق وەربگیرێت".
وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش کردووە هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دیناری دیکە ماوە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئەو بڕە پارەیە تایبەتە بە خەرجییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار. هەرچەندە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەرە، بەڵام تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە.
کارمەندانی سەرژمێری، 14-11-2024 دەستبەکار بوون و 14-12-2024 کارەکانیان تەواو کرد، دواتر پارەی شایستەی ئەو مانگەیان لەکاتی خۆیدا وەرگرت، بەڵام بەپێی گرێبەستەکە مانگێکیان مابوو.
سەرژمێریی گشتیی بۆ سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. نزیکەی 20 هەزار کەس لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا وەکو بژمێر لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کاریان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ