رووداو دیجیتاڵ
رووفاتی 22 کوردی ئێزدی گەڕێندرانەوە شنگال و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە خاک دەسپێردرێن. ئەفسەری دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک دەڵێت، لە کۆی 91 گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییانی شنگال، هێشتا 37 گۆڕ هەڵنەدراونەتەوە.
گەڕی هەشتەمی رووفاتی قوربانییانی شنگال کە لە رووفاتی 22 کوردی ئێزدی پێکهاتووە، دوای ئاشکرابوونی ناسنامەکانیان و پشکنینی DNA گەڕێندرانەوە شنگال، ئەمڕۆ رێوڕەسمی رادەستکردنیان بە کەسوکارەکانیان و بەخاک سپاردنیان بەڕێوەچوو.
نایف جاسۆ، نوێنەری قوربانییانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ پێشوازی لە گەڕاندنەوەی 22 شەهیدی ئێزدی دەکەین، کە لەسەر دەستی چەکدارانی داعشی تیرۆریست کوژران، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، بەبێ ناسنامە و شایەت و ماڵئاوایی."
نوێنەری قوربانییانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی گوتی، "بە هەژمارکردنی ئەم ژمارە نوێیە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی 296 شەهید کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەرهێندراون، ناسراونەتەوە. سەتان شەهیدی دیکەن هەن ناسنامەیان نادیارە و چاوەڕێین لە دادپزیشکی بەغدا ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت؛ سەتانی دیکەش هەن هێشتا لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان کە هێشتا دەرنەهێندراونەتەوە."
عەقید شاکر مەحموود، ئەفسەری دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای گۆڕی بەکۆمەڵ و تاکدا بەردەوامە، بەڵام پڕۆسەکە کەمێک بە سستی بەڕێوەدەچێت، چونکە لەلایەن عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت و بەپێی خشتەیە و بە نۆرەیە؛ تەنیا شنگال و موسڵ نییە، بەڵکو هەموو عێراقە."
ساڵی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد.
ئەفسەرەکەی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک دەڵێت، "لە شنگال و دەوروبەری 91 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە. لەو ژمارەیە هێشتا 37 گۆڕ هەڵنەدراونەتەوە؛ هەروەها 38 گۆڕی تاکیش هەبوون کە هێشتا 12ـیان هەڵنەدراونەتەوە. قسەمان لەگەڵ عێراق کردووە و بەردەوام لەسەر هێڵین، بەڵام کارەکان بەپێی خشتەیە و دەبێ چاوەڕێ بکەین."
رووفاتەکانی ئەمڕۆ زیاتر خەڵکی گوندەکانی کۆجۆ، حەردان و ناوچەکانی تەلقەسەب، تەلبەنات، هەمەدان و قنێن.
لەبارەی داواکاریی کەسوکاری قوربانییان، ئەفسەرەکەی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک گوتی، "دەیانەوێ چارەنووسی ئەوانە بزانن کە بێسەروشوێنن. ئێمەش هەمووکات لەگەڵ عێراق لەسەر هێڵین."
لە ساڵی 2018ـەوە، زیاتر لە 760 رووفات لە شنگال دۆزراونەتەوە و بۆ پشکنینی DNA نێردراون بۆ بەغدا. عەقید شاکر مەحموود دەڵێت، "لەو ژمارەیە، زۆرترین رووفات لە گوندی کۆجۆ بوون کە 450 رووفاتن. گەڕان بەردەوامە و لەوانەیە ژمارەکە زیاتر بێت. ئەوانەی دیکەش لە شنگال و دەوروبەری بوون، وەک هەمەدان، مێرکان، تەلقەسەب، تەلبەنات، حەردان، سۆلاخ و جەزیرە."
ئەمە هەشتەمین گەڕی گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانییانی شنگالە کە دوای ئاشکرابوونی ناسنامەکانیان پاش پشکنینی DNA بەخاک دەسپێردرێن و بەم شێوەیە گەڕێندراونەتەوە:
گەڕی یەکەم؛ 62 رووفات
گەڕی دووەم؛ 42 رووفات
گەڕی سێیەم؛ 43 رووفات
گەڕی چوارەم؛ 55 رووفات
گەڕی پێنجەم؛ 21 رووفات
گەڕی شەشەم؛ 41 رووفات
گەڕی حەوتەم؛ 32 رووفات
گەڕی هەشتەم ؛ 22 رووفات
ئاماری نوێی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئێستا بەم شێوەیە:
رفێندراوەکان: 6417 کەس؛ 3548 ژن و 2869 پیاو.
رزگارکراوەکان: 3590 کەس رزگارکراون؛ 1211 ژن، 339 پیاو، 1075 منداڵی کچ و 964 منداڵی کور.
بێسەروشوێنان: 2553 بێسەروشوێن؛ 1224کچ و ژن و 1329 کوڕ و پیاو.
لە ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر شنگال و زیاتر لە 360 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، "هێشتا نزیکەی 200 هەزار دانیشتووی شنگالیش لە ئاوارەییدا دەژین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ