رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا و کوردستان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە دۆزی کوردیان لەو وڵاتە تاوتوێ کردووە و دەڵێت، پابەندبوونی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد کە لە 26ـی نیسانی رابردوو بەڕێوەچوو، دووپات دەکەنەوە.
26ـی نیسانی ئەم ساڵ، لە قامشلۆ کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی بەسترا و لەو کۆنفرانسەدا شاندێک پێکهێنرا، بۆ ئەوەی بچێتە دیمەشق و داوای چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد بکات.
ئەمینداریێتییەکە رایگەیاندووە، "پابەندبوونی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد کە لە 26ـی نیسانی رابردوو بەڕێوەچوو دووپات دەکەینەوە و جەخت لە پێویستیی کاراکردنی رۆڵی شاندی هاوبەشی کورد دەکەینەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە پرۆسەی سیاسیی چارەسەرکردنی دۆزی کورد."
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنەکەسە جەخت دەکاتەوە لەوەی، "پێویستە چارەسەرییەکە مافە نەتەوەییە رەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتی، لامەرکەزی و یەکگرتوودا دەستەبەر بکات."
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنەکەسە دەڵێت، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە یەکڕیزیی کوردیان لە کۆنفرانسی نیسان بە هەنگاوێکی گرنگ زانی و رایانگەیاند، "پێویستە پەرەی پێبدرێت بۆ گەیشتن بە هاوبەشییەکی راستەقینە لەنێوان لایەنە کوردییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، ئەمەش بە پشتبەستن بە بنەماکانی رێککەوتنی دهۆکی 2014 و رێککەوتنەکانی ساڵی 2020 بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، کە پێکهێنانی مەرجەعیەتێکی کوردی لەخۆدەگرت."
بەگوێرەی ئەمیندارێتییەکە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی ئامادەیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لەسەر ئاستی کوردستان و سووریا کرایەوە و تیشک خرایە سەر پێویستیی فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی گەلی سووریا و هێزە سیاسی و مەدەنییەکان، بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی گەلی کورد بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی گەیشتن بە گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر لە حوکمڕانی و بەدیهێنانی خواستەکانی سوورییەکان بۆ ئازادی و دادپەروەری."
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنەکەسە باس لەوەش دەکات، پابەندبوونی خۆیان بە بنەمای کاری هاوبەش و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن دووپات دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە لەوەی، "پێویستە سەرجەم بڕیارەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەیی و میکانیزمە راوێژکارییە ناوخۆییەکاندا بدرێن، بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی کاریگەری هەموو ئۆرگانەکانی ئەنجوومەن لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا."
8ـی کانوونی یەکەمی پار، کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هێنرا، دواتر ئەحمەد شەرع بووە سەرۆککۆماری وڵاتەکە بۆ قۆناخی راگوزەر، بەڵام تاوەکو ئێستا، جیا لە واژۆکردنی رێککەوتنە 8 خاڵییەکەی 10ێ ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ