رووداو - سلێمانی
فەرماندەیەکی هێزەکانی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی ئەرکدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و کەسوکارەکەی دەڵێن، "پێمان گوتراوە گولـلەی لەدەست دەرچووە،" بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.
بوورهان حاجی غەفوور، ناسراو بە بوورهان زەنگەنە، پلەی موقەدەم بووە، حەوت ساڵ لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە لە ئەرکدا بووە.
بە گوتەی فەرماندەیی هێزەکانی 70، لەکاتی ئەرکدا لە ژوورەکەی خۆی "بە دەمانچە خۆی کوشتووە."
غازی رەشید، خاڵی موقەدەم بوورهانە و لە گۆڕستانی یەنگیجە بە رووداوی گوت، "ئەوەندەی بیستوومانە گولـلەیەکی لەدەست دەرچووە، گولـلەکە بەر سەری کەوتووە، گیانی لەدەستداوە و هەموومان نیگەرانین بە رووداوەکە."
رەمەزان یەنگیجەیی، هاوڕێی موقەدەم بوورهانە و بە رووداوی گوت، "کاک بوورهان، خانەوادە و ماڵ و ژیانی خۆیی بەخشیبوو بە سنووری کەرکووک، تەنها بۆ ئەوە کردی کە کەرکووک و سنوورەکە ئارام بێت، هەموومان نیگەرانین بە مردنەکەی."
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر گۆڕستان بۆ رووداوی قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "موقەدەم بوورهان، دوو جار بریندار بووە لەکاتی پێشمەرگایەتیدا، زۆر بەجەرگ بووە، لەدەستدانی کەرکووک تەنها خەسارەت نییە بۆ سنووری داقووق، بەڵکو خەسارەت بوو بۆ هەموو هەڤاڵەکانی لە هێزەکانی پێشمەرگە و من بە برای خۆمم دەزانی، چونکە بۆ کارەکەی زۆر دڵسۆز بوو."
لەبارەی رووداوەکەوە ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتی بە رووداو گوت، "دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی، بوورهان زەنگەنە لەنێو بینای یەکە سەربازییەکەی خۆیدا بە دەمانچە گولـلەیەکی ناوە بە خۆیەوە، بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە لە سلێمانی، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، لێکۆڵینەوەی زیاتریش لە رووداوەکە دەکەین."
هاوکات هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەبارەی رووداوەکەوە لە بەیاننامەیەکی نووسراودا رایانگەیاندووە، "بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی گیانلەدەستدانی موقەدەم (بوورهان حاجی غەفوور) فەرماندەی فەوجی پۆڵایین-مان بیست، کە بەیانیی ئەمڕۆ بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی سپارد. موقەدەم بوورهان دۆستی نزیکی فەرماندە ئاکام عومەر و سەرجەم کوڕانی کۆماندۆ بووە."
موقەدەم بوورهان، تەمەنی 56 ساڵ بووە، خەڵکی گوندی یەنگیجەی سنووری داقووقە لە باشووری کەرکووک، باوکی پێنج کچ و دوو کوڕ بووە و پێشتریش کوڕێکی بەناوی محەممەد لە 21-10-2016 لە هێرشێکی داعشدا بۆ ناو شاری کەرکووک شەهید بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ