یەکگرتوو: لە دوای 25ی مانگەوە کەرنەڤاڵی جەماوەری بۆ بانگەشە دەکەین

13-10-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکگرتووی ئیسلامی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە و بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبەکەش دەڵێت، "لەدوای 25ی ئەم مانگەوە کەرنەڤاڵی جەماوەری دەکەین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە سەباح باپیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانگەشەی هەڵبژاردنمان دەستپێکردووە و بەردەوامە، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی جەماوەری دیاری نەکردووە."
 
3ی تشرینی یه‌که‌مى 2025، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستیپێکرد و تاوه‌کو 8ـی تشرینی دووه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت.
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەوەشکرد، بەرنامەی بانگەشەیان بەو شێوازەیە کە لە دوای 25ـی ئەم مانگەوە واتا 15 بۆ 10 رۆژی کۆتایی بە بەشداری مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین کەرنەڤاڵی جەماوەری لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و بەربژێرانیان بناسێنن. 
 
سەبارەت بە شوێنی یەکەم کەرنەڤاڵی جەماوەری سەباح باپیری گوتی، "تائێستا هیچ شوێنێکمان دیاری نەکردووە، بازنەکان ئامادەکاری دەکەن هەر کوێ زووتر ئامادەکارییەکانی تەواو کرد، کەرنەڤاڵی جەماوەری لەو ناوچەیە دەکرێت."
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 16 بەربژێری هەیە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ساڵی 2021 ئەنجامدرا چوار کورسی بەدەستهێنا. 
 
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 11ـی تشرینی دووه‌می ئه‌م ساڵ ده‌کرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ناوی 7768 به‌ربژێری په‌‌سند کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا رکابه‌ری بکه‌ن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە