مەسرور بارزانی بۆ سوودانی: پێویستە مووچە لە ناکۆکیی سیاسی دووربخرێتەوە

13-11-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە دیدارەکەی سوودانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
 
نووسینگەکە لە پاش کۆبوونەوەی سوودانی و مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
سوودانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانییەوە پێشوازیی لێ کرا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی لە سەرەتای دیدارەکەدا "پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان"ـی لە مەسرور بارزانی کردووە.
 
"بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بوون. لەنێویاندا هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی رێکخستنی هەوڵەکان بۆ سوودی هاووڵاتیان لە سەرانسەری وڵات"، نووسینگەی سوودانی وا دەڵێت.
 
لەبارەی پرسی مووچەوە، نووسینگەی سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوان [سوودانی و مەسرور بارزانی] جەختیان کردەوە لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت [ـی هەرێمی کوردستان]".
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا "جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە" و سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی هاوکاریکردنی حکومەتی فیدراڵی لە پرسی پێکهێنانی ئەو کابینەیەدا دەربڕیوە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کراوە لەگەڵ خستنەگەڕی تەواوی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێکراون، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە وەک نووسینگەی سوودانی ئاماژەی بۆ کردووە، "هێزەکانی داگیرکەری زایۆنی سوورن لەسەر فراوانکردنی بەرەی جەنگ".
 
لە لایەکی دیکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیریی سیاسی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هەروەها جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ".
 
دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا".
 
باسی لەوەشکردووە، "سەبارەت بە پرسی موچە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، "دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرایەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت".
 
لەبارەی سەرژمێرییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، لەمبارەیەوە، "هاوڕابوون لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە بۆ مەبەستی گەشەپێدان، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لەم رووەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە