بەرپرسێکی یەکێتی: ئۆپۆزیسیۆن لە سلێمانی لاواز بووە

13-11-2025
پەیمان محەممەد
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی دەڵێت، خۆیان بە براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەزانن؛ دەشڵێت، ''پێشتر لە سلێمانی ئۆپۆزیسۆنێکی بە‌هێز هەبوو، بەڵام ئەم جارە ژمارەی دەنگ و کورسییەکانیان دابەزیوە و ئێستا یەکێتی بێ رکابەرە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-11-2025، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ''بێگومان لە ئەنجامەکان رازین و سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە.''
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، یەکێتی لە کەرکووک چوار کورسی بەدەستهێناوە. لەتیف نێروەیی گوتی، ''ئەم جارەش وەکو دەنگ و کورسی لە سەرانسەری ناوچە دابڕێنراوەکان پێگەی خۆمان پاراستووە. بۆ نموونە لە کەرکووک دەنگ و کورسیمان زیادی کردووە.''
 
هەرچی بازنەی سلێمانییە، یەکێتی 8 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی بازنەکە براوەی یەکەمە. لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی حیزبەکە دەڵێت، ''دەنگمان زیادی کردووە. پێشتر لە سلێمانی ئۆپۆزیسۆنێکی بە‌هێز هەبوو، بەڵام ئەم جارە لەڕووی دەنگ و کورسییەوە دابەزیون. ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی زۆنی سەوزدا، یەکێتی بێ رکابەرە.''
 
پێشتر یەکێتی لە هەولێر دوو کورسیی پەرلەمانی عێراقی هەبوو. لەتیف نێروەیی دەڵێت، ''لەو بازنەیەش دەنگەکانمان زیادی کردووە و سێ کورسیمان بەدەستهێناوە.''
 
لە بازنەی دهۆک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرەڕای ئەوەی خۆی بەربژێری هەبوو، پاڵپشتیی ئەسیر ئیبراهیمی کرد، کە بەربژێری کۆتای کریستیان بوو، بەڵام سەرنەکەوت.
 
بەوهۆیەوە، ئیمان عەبدولرەزاق کە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا تاکە بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی بوو لە دهۆک و لەم هەڵبژاردنەشدا سەرلیستی حیزبەکە بوو لە پارێزگاکە، بەر لە هەڵبژاردن کشایەوە و پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد.
 
لەتیف نێروەیی لەوبارەوە دەڵێت، ''دەمانزانی رێژەی هەڵبژاردن لە دهۆک بگاتە 75٪، ئێمە کورسی نابەین، بۆیە بڕیاری جێگرەوەمان ئەوە بوو کە پشتگیریی بەربژێری کۆتا بکەین. ئەوەش وەکو بیرۆکە باش بوو، بەڵام رێکارەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە وەک پێویست بەڕێوەنەچوون.''
 
ئیمان عەبدولڕەزاق، دوای چوونی بۆ نێو پارتی بە رووداوی راگەیاند: "بە باوەڕەوە چوومە ریزەکانی پارتی، نەک بە مەرج، سەرکردایەتیی یەکێتی رێزی لە دەنگدەرانی بادینان نەگرت."
 
سەرەرای ئەوەی کورسییەکانی یەکێتی لە کەرکووک زیادیان کردووە، بەڵام بەگشتیی ژمارەی کورسییەکانی کورد لە شەشەوە بۆ پێنج دابەزیوە. لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی گوتی، ''داوامان لەو لایەنانە کرد کە دەنگیان نەدەگەیشتە کورسییەک، بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان نەفەوتێنن [بەربژێریان نەبێ]، بەڵام بەداخەوە رژد بوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان و دەنگێکی زۆری کورد لە کەرکووک فەوتا.''
 
لەتیف نێروەیی گوتی: ''پێویستە لایەنە کوردستانییەکان تەبا بن لە بەغدا، بە یەک تیم کار بکەن و یەک ئیرادەیان هەبێ. ئەو کاتە باشتر دەتوانن خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەن و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.''
 
لەبارەی ئەگەری کاری پێکەوەیی لەگەڵ پارتی، ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕو، ''هیچ کات یەکێتی بایکۆتی دانوستاندنی نەکردووە.''
 
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:
 
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 27
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 18
- رەوتی هەڵویست: 5 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 کورسی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 کورسی
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:1 کورسی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.